هەرێم نیوز
خولی پێنجەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران دوێنێ هەینی لە ڕۆما بەڕێوەچوو، کە بە "هەندێک پێشکەوتن" بەڵام بێ دەرئەنجامی یەکلاکەرەوە کۆتایی هات.
ڕۆژی شەممە، سی ئێن ئێن بە پشتبەستن بە "دوو سەرچاوەی ئێرانی کە ناویان نەهێنراوە"، ڕایگەیاند کە دانوستانکارانی ئێرانی ڕایانگەیاندووە، تاران هیچ ئومێدێکی نییە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە داهاتوویەکی نزیکدا.
سەرچاوەکان دەڵێن: هەڵوێستی میدیای و هەڵسوکەوتی دانوستانکارانی ئەمریکا، سیاسەتمەدارانی ئێرانی نائومێد کردووە. "لە ڕوانگەی بڕیاردەرانی تاران، کاتێک ئەمریکا دەزانێت کە قبوڵکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ سەر ئاستی سفر لە ئێراندا مەحاڵە و لەگەڵ ئەوەشدا پێداگری لەسەر دەکات، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە واشنتۆن لە بنەڕەتدا بەدوای ڕێککەوتندا نییە و پرۆسەی دانوستان وەک ئامرازێک بۆ پەرەپێدانی فشارەکان بەکاردەهێنێت".
سەرچاوەکان هەروەها ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، کە لە سەرەتادا هەندێک لە بەرپرسانی ئێرانی پێیان وابوو کە ڕەنگە واشنتۆن بە دوای سازانێکی "بردنەوە بۆ هەردوولا" بێت، بەڵام ئێستا کۆدەنگییەک هەیە کە ئیدارەی ترەمپ دانوستانەکان بەرەو بنبەست ئاڕاستە دەکات.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، هەرچەندە نە ئێران و نە ئەمەریکا ئامادە نین لە مێزی دانوستان دەربچن، بەڵام هەڵوێستی ئێستای ئەمریکا دانوستانەکانی بێ ئەنجام کردووە و پێناچێت کۆبوونەوە فەرمییەکان بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بن.
ئاماژەیان بەوەشکرد، تاران چیتر هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ دوورکەوتنەوە لە هەڵوێستی توندڕەوانەی ئیسرائیل بە جددی وەرناگرێت و پێشنیارەکانی لایەنی ئەمریکی بە هاوتەریب لەگەڵ پلانەکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەزانێت، کە بەردەوام داوای قەدەغەکردنی تەواوەتی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران دەکات.
عەلی واعز، شرۆڤەکاری باڵای گرووپی قەیران لە برۆکسل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سی ئێن ئێن ڕایگەیاند، لە واشنتۆن تێگەیشتنێکی هەڵەی سەبارەت بە دەروونناسیی داڕێژەرانی سیاسەتی ئێران هەیە. بە وتەی ناوبراو، "ئێران لە کاتی لاوازیدا ئامادە نییە ئیمتیازات بدات"، چونکە ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە وەک "پێشەکییەک بۆ داڕمانی حکومەت" سەیر دەکرێت. بە وتەی شرۆڤەکاران، هەڕەشەی سەربازی تەنیا دەبێتە هۆی جەختکردنەوەی توندی تاران لە هەڵوێستەکانیان.
لە لایەکی دیکەوە پەیامنێرێکی کەناڵی جەزیرە ڕایگەیاندووە، کە جگە لە ناکۆکی لەسەر پیتاندن، پرسی بەرنامەی مووشەکی ئێرانیش یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەردەم دانوستانەکان بووە. ئەمریکا ویستویەتی ئەم پرسە بخاتە نێو دانوستانەکان، بەڵام ئێران بە پرسێکی تەواو جیاواز دەزانێت و ڕەتیکردووەتەوە لە دانوستانە ئەتۆمییەکاندا بیخاتەڕوو.
هاوکات ڕاپۆرتێکی نوێی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا هەردوولا هەوڵدەدەن لەسەر چوارچێوەیەکی سیاسی ڕێکبکەون بۆ درێژەدان بە دانوستانەکان، نەک ڕێککەوتنی کۆتایی.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ نووسیویەتی، هیچ نیشانەیەک نییە بۆ هەنگاونان بە ئاڕاستەی دروستکردنی متمانە، وەک سووککردنی سزاکان یان ڕاگرتنی چالاکییە هەستیارەکان.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەنووسێت: دژایەتی ئێران لەوەی کە پیتاندن بەتەواوەتی ڕاگرن و لەولاشەوە پێداگری واشنتۆن لەسەر قەدەغەکردنی تەواوەتی پیتاندن، گەورەترین بەربەستن لە بەردەم داڕشتنی چوارچێوەیەکی سیاسی نێوان هەردوولادا.
عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە لێدوانێکیدا وتی پێشبینی دەکەم کە دانوستانەکان شکست بهێنن.
بەڵام عەباس عێراقچی، سەرۆکی شاندی ئێران ڕایگەیاند، خولی پێنجەمی دانوستانەکان "پیشەییترین" خول بووە و ئەو بیرۆکانەی لەلایەن وەزیری دەرەوەی عومانەوە خرانەڕوو، بڕیارە لە پایتەختەکان پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت و کاری پسپۆڕانەیان لەسەر بکرێت. هەروەها بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ڕایگەیاندووە دانوستانەکان "بنیاتنەر" بوون و دەشڵێت کە دانوستانەکان هەرچەندە ئاڵۆزن، بەڵام بەردەوام دەبن.
لەلایەکی دیکەوە میدیاکانی ئەمریکا باسیان لەوە کردووە کە ئیسرائیل خۆی بۆ کردەوەی سەربازی ئامادە دەکات، هەرچەندە تا ئێستا بڕیاری کۆتایی نەدراوە. بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەم هەفتەیەدا پشتگیری لە هەڵوێستی ئیدارەی ترەمپ کرد سەبارەت بە قەدەغەکردنی تەواوەتی پیتاندن. وتەبێژی کۆشکی سپیش ڕایگەیاند کە ترەمپ دانوستانەکان بە ڕێگای دروست دەزانێت، بەڵام ئەگەر دانوستانەکان شکستی هێنا، "بژاردەی سەربازی" ڕەتناکاتەوە.
هاوکات سوپای پاسداران ڕۆژی یەکشەممە دوای خاوبوونەوەی دانوستانەکان بەیاننامەیەکی هۆشداری بڵاوکردەوە. ئەم دامەزراوە سەربازییە ڕایگەیاندووە کە ئامادەیە "وەڵامێکی یەکلاکەرەوە و پەشیمانکەر"ی هەر هەوڵێکی دوژمنکارییانەی دژ بە وڵاتەکەیان بداتەوە.
شرۆڤەکاران هۆشدارییان داوە کە ئەگەر ناکۆکییەک ڕووبدات، نەک هەر دانوستانەکان شکست دەهێنن، بەڵکو ئەگەری کشانەوەی ئێران لە پەیمانی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمیش زیاتر دەبێت.