دواین هەواڵ

عێراق‌

 5 رۆژ پێش ئێستا

بەغداد هەوڵی ئازادکردنی بارمتەیەکی ئیسرائیلی دەدات

هەرێم نیوز

ئاژانسی ئەلعەرەبیە بڵاویکردەوە، حکومەتی عێراق هەوڵدەدات، پابەندبوونی خۆی بە هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران و واشنتۆن بسەلمێنێت و بارمتەیەکی ئیسرائیلی کە لە بەغداد بە بارمتەگیرابوو ئازادبکات.

ئاژانسەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی عێراقییەوە نووسیویەتی، ئازادکردنی ئەلیزابێس تسورکۆڤ، لێکۆڵەری ئیسرائیلی-ڕووسی، بەڵگەیە لەسەر پابەندبوونی حکومەتی سودانی بە هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، دانوستانی نهێنیی ئەمنی هەیە لەگەڵ ئەو گروپە چەکدارەی کە تسورکۆڤ-یان ڕفاند.

هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی توێژەرەکە دوای گەشتێکی نهێنییانەی بەرپرسێکی ئەمنی عێراقی بۆ واشنتۆن بووە.

باس لەوە کراوە، ئەم هەوڵانە بە ئامانجی کەمکردنەوەی فشارە نێودەوڵەتییەکانە بۆ سەر حکومەتەکەی سودانی.

لەلایەکی دیکەوە، کەناڵی ئەلرەبیعەی عێراقی کە نزیکە لە ئێرانەوە بڵاویکردەوە، ئەلیزابێس تسورکۆڤ توێژەری ئیسرائیلی-ڕووسی دوای هەفتەیەکی دیکە ئازاد دەکرێت، ئەمەش لەبەرامبەر ئازادکردنی کەسێکی ئێرانی و شەش کەسی دیکە، کە بەهۆی هێرشکردنە سەر پێگەکانی ئەمریکا لە عێراق دەستبەسەرکراون.

باسیش لە پێشنیارێک کراوە بۆ گواستنەوەی تسورکۆڤ بۆ وڵاتێکی بێلایەن پێش ئەوەی ڕادەست بکرێتەوە، ئەمەش بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەر فشارێکی ناوخۆیی.

شایانی باسە لە مانگی ئایاری 2023 دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، "تسورکۆڤ" کە لە عێراق دیارنەمابوو، لە ژێر دەستی گروپێکدایە و بەبارمتەگیراوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە تسورکۆڤ لە مانگی یەکی ساڵی 2022 بە پاسپۆرتی ڕووسی هاتووەتە عێراق و خۆبەخشانە توێژینەوەی دکتۆرا بە ناوی زانکۆی پرینستۆن لە ئەمریکا ئەنجام دەدات.

بەگوێرەی لێدوانی ئیما، خوشکی تسورکۆف، ئەو لەکاتی مانەوەی لە عێراق تووشی کێشەی تەندروستی بووە و ناچار بووە لە نەخۆشخانەیەکی بەغدا نەشتەرگەری بڕبڕەی پشتی بۆ بکرێت، بەڵام دواتر ڕفێندراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP