هەرێم نیوز
لەبارەی گەشتە چوار ڕۆژییەکەی ترەمپ بۆ کەنداو، ئاژانسی ڕۆیتەرز دەڵێت، ئەم گەشتە دەرخەری سەرهەڵدانی نەزمێکی نوێ بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ ئێران و هەژموونەکەی کۆتاییهاتووە و وڵاتانی سوننی لە بەرامبەر مەترسی ئێران پڕچەک و بەهێزکراون، هاوکات ئیسرائیلیش پەراوێزخراوە.
ڕۆیتەرز لە وتارێکی شیکاریدا لێکۆڵینەوەی لە دەرئەنجامەکانی گەشتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سعودیە و قەتەر و ئیمارات کردووە، کە هەفتەی ڕابردووی ئەنجامداوە و نووسیویەتی، ئەو گەشتە ڕەنگدانەوەی گۆشەگیریی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و پێکهێنانی نەخشەیەکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، هیچ وێنەیەک لە هەفتەی ڕابردوودا بە ڕوونی گۆشەگیریی بنیامین ناتانیاهۆی نیشان نەدا وەک دیمەنی تەوقەکردنی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتیی سوریا. کەسێک کە ئیسرائیل بە "تیرۆریستێکی قاعیدە بە قات و چاکەتەوە" ناوی بردووە.
ڕۆیتەرز دەڵێت، گەشتی چوار ڕۆژەی ترەمپ بۆ وڵاتانی سعودیە و قەتەر و ئیمارات زیاتر بوو لە نمایشێکی دیپلۆماسی کە وەبەرهێنانی گەورەی تێدابوو، ئەم گەشتە بە پێی سێ سەرچاوەی ناوچەیی و دوو سەرچاوەی ڕۆژئاوایی، پشتڕاستکردنەوەی سەرهەڵدانی نەزمێکی نوێ بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە سەرۆکایەتی وڵاتانی سوننە کە "میحوەری مقاوەمە"یان بە سەرکردایەتی ئێران پەراوێز خستووە و ئیسرائیلیان لە هاوکێشە دەرچووە.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ناڕەزایی لە وانشتن پەرەی سەندووە بەهۆی ڕەتکردنەوەی ئیسرائیل بە گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە، بۆیە گەشتەکەی ترەمپ پەیامێکی ڕوونی بۆ ناتانیاهۆ ناردووە: لە ڕێبازی کەمتر ئایدیۆلۆژی و زیاتر دەرئەنجامگەرای ترەمپ بۆ دیپلۆماسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناتانیاهۆ چیتر ناتوانێت پشت بە پشتیوانییە بێ مەرجەکانی ئەمریکا بۆ سیاسەتە ئایدۆلۆژییەکەی ببەستێت.
دەیڤید شنکەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک لە سەردەمی سەرۆک جۆرج بوش، بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند: ئەم ئیدارەیە بە قووڵی لە ناتانیاهۆ نائومێد بووە و ئەو نائومێدییە تەواو دیارە. ئەوان زۆر پراگماتیکن، نەتانیاهۆش لە ئێستادا هیچیان پێنادات.
بەڵام ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە چەندین سەرچاوە، نووسیویەتی ئەمریکا هیچ نیازێکی نییە دەستبەرداری ئیسرائیل بێت. ئیسرائیل وەک هاوپەیمانێکی گرنگی واشنتۆن دەمێنێتەوە و پشتیوانی بۆ ئەو وڵاتە لە ئەمریکا قووڵ و دوولایەنەیە. بەڵام ئیدارەی ترەمپ ویستی پەیامێکی ڕوون بۆ ناتانیاهۆ بنێرێت: ئەمریکا بەرژەوەندی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە و ڕێگریی ئیسرائیل بۆ ئەم ڕێبازە قبوڵ ناکات.
ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە هەمان ئەو سەرچاوانە دەڵێت: سەبر و ئارامیی واشنتۆن نەک تەنیا بە هۆی ڕەتکردنەوەی ناتانیاهۆ بۆ قبوڵکردنی ئاگربەست لە غەززە، بەڵکو بە هۆی دژایەتیکردنی لەگەڵ دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێرانیشدا کۆتایی دێت.
وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی جەختی لە دۆستایەتی ترەمپ لەگەڵ ئیسرائیل کردەوە و وتی: ئێمە بەردەوامین لە کارکردن لە نزیکەوە لەگەڵ ئیسرائیلی هاوپەیمانمان بۆ دڵنیابوون لە ئازادکردنی ئەو بارمتە ماونانەی لە غەززە، و بۆئەوەی ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت و ئاسایشی ناوچەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتر بێت.
سەرەڕای ئەم لێدوانە فەرمییانە، سەرچاوە ئاگادارەکان باس لەوە دەکەن کە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ بە شێوەیەکی تایبەت ناڕازین لە سەرپێچیکردنی نەتانیاهۆ لە سیاسەتەکانی ئەمریکا سەبارەت بە غەززە و ئێران.
ئامانجێکی دیکەی سەرەکی ترامپ درێژکردنەوەی "ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام" بوو بۆ سعودیە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، ئامانجێکی دیکە کە بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز بەهۆی "ئینکاریی" نەتانیاهۆوە پووچەڵکرایەوە.
ڕیاز بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە ئامادە نییە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە تا شەڕەکە نەوەستێت و ڕێگای دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین خۆش نەکرێت. ناتانیاهۆ ئەم مەرجانەی ڕەتکردۆتەوە.
دەیڤید شنکەر لەم بارەیەوە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە: نەتانیاهۆ هیچ ستراتیژێکی نییە، هیچ پلانێکی نییە بۆ قۆناغی دوای جەنگ لە غەززە و ئەوەش ڕێگرییە لەبەردەم پرۆسەکەدا.
سەرچاوەیەکی باڵای ناوچەیی بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە: گەشتەکەی ترەمپ ڕۆڵی کاریگەری سعودیە وەک سەرکردەی جیهانی عەرەبی سوننە چەسپاند، "پێشتر ئێران لە لوتکەدا بوو، بەڵام ئێستا سعودیە بە ئامرازی دیکەی وەک ئابووری، پارە و وەبەرهێنان هاتۆتە ناوەوە".
حکومەتی شیعەی تاران لە هەموو کاتێک زیاتر لاواز بووە، بە تایبەت دوای هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هێزە بە وەکالەتەکانی لە غەززە و لوبنان.
بەوتەی ڕۆیتەرز هەرچەندە ئیسرائیل لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕی دژی ئێران بووە، بەڵام لە ڕیاز و دۆحە و ئەبوزەبی نەزمێکی نوێی ناوچەیی خەریکە شێوەی خۆی دەگرێت. وڵاتانی دەوڵەمەند بە نەوت لە کەنداو دەیانەوێت دەستیان بگات بە چەکی پێشکەوتوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران و بریکارەکانی، هەروەها دەستڕاگەیشتن بە چیپی ئەمریکی و تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد.