هەرێم نیوز
حوسییەکانی یەمەن ڕایگەیاند کە دوو مووشەکی بالیستیکیان ئاراستەی فڕۆکەخانەی بن گوریون لە ئیسرائیل کردووە. حوسییەکان دەڵێن ئەوان وەک کاردانەوە بەرامبەر بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئیسرائیل لە غەززە و پشتیوانی لە گەلی فەلەستین ئەو هێرشەیان ئەنجامداوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە و خەڵک چوونەتە پەناگە، بەڵام ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سیستمی بەرگری ئیسرائیل ڕێگری لە مووشەکەکان کردووە و لەناویان بردووە. هیچ زیانێکی گیانی و زیانێکی سەخت نەبووە.
حوسییەکان پێشتر ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ ئەمەریکا هەبوو بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە ئەمریکییەکان لە دەریای سوور، بەڵام جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەم ڕێککەوتنە ئیسرائیل ناگرێتەوە و بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان.
لە بەرامبەر هێرشە مووشەکییەکانی حوسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر یەمەن زیاد کردووە و بەتایبەتی فڕۆکەخانەی سەنعایان کردووەتە ئامانج.
پێش ئەم هێرشە، وەزیری بەرگری ئیسرائیل هۆشداری دابوو ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن، هەنگاوی زیاتر لە دژی حوسییەکان و بەتایبەت سەرکردەکەیان دەگرێتەبەر و لەناویان دەبات.