هەرێم نیوز
مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی کۆتایی سیاسەتی واشنتۆن بەرامبەر بە ئێران، ئەوەیە ڕێگەبکرێت لەوەی چەکی ئەتۆمی هەبێت و ڕێگری بکات هەڕەشە لە دراوسێکانی بەتایبەت ئیسرائیل بکات.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس نیوز کە بەشێکی ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە پەخشکرا، ڕایگەیاند کە ئامانجی کۆتایی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ تاران ئەوەیە کە "ئێران هەرگیز نەتوانێت چەکی ئەتۆمی هەبێت".
ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی هەڵوێستی ئەمریکا چی دەبێت ئەگەر ئێران درێژە بە پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئاستی نزمدا بدات، وتی: ئەگەر وڵاتێک توانای پیتاندنی لە هەر ئاستێکدا هەبێت، لە بنەڕەتدا دەتوانێت بە خێرایی بگاتە ئەو ئاستە پیتاندنەی کە پێویستە بۆ چەکی ئەتۆمی.
ئاماژەی بەوەشکرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا "حەزی لە شەڕ نییە و پێی باشترە لە ڕێگەی دانوستانی ئاشتیانە ئەم ئامانجە بەدیبهێنێت". وتیشی هیواخوازم ئێرانیش ئەم بژاردەیە هەڵبژێرێت.
ڕوبیۆ ڕەخنەی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 لە سەردەمی باراک ئۆباما گرت و ڕایگەیاند، ئەو ڕێککەوتنە ڕێگە بە ئێران دەدات ژێرخانی سەرەکی پیتاندن بپارێزێت، کە بە وتەی ئەو "دەتوانێت زۆر مەترسیدار بێت".
لەم ڕێککەوتنەدا ڕێگا بە ئێران درا کە تا ئاستی ٣.٦٧% پیتاندنی یۆرانیۆم بکات.