دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

لوولە کەباب یان خەبات و بیری نەتەوایەتى ‎بارزانی دواین هۆشداری دەداتە عێراق

هەرێم نیوز

رۆژی، 15ـى ئایارى 2025 بارزانی لە وتارێکدا، لە ڕێوڕەسمی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و لاواندا ئاماژەى بە کۆمەڵێک بابەتى گرنگ کرد، کە بووە جێگەى سەرنجی هەمووان و لەبەشێک لە وتارەکەیدا ئاماژەى بە پێکهێنانى کابینەى دەیەم کرد و گوتى کاتى پەنجا بە پەنجا کۆتایی هاتووە، بەڵام بەشێکى زۆری وتارەکەى رووى لە حکومەتى عێراق بوو، بە جیاواز لە پێشوو ئەمجارەیان رووى رەخنەکانى لە شۆڤارەکانى ناوخۆو نەگەشتووەکانی سیاسەت بوون کە بوونەتە هۆکاری زیاتر پێڕاکێشانى عێراق و پاساو هێنانەوە بۆ سیاسەتە هەڵەکانیان لەبەرامبەر خەڵکی کوردستاندا.

‎شۆڤاریی بێدەستخۆشیی:

‎پەیوەندییەکانى نێوان عێراق و هەرێمى کوردستان بە کێشمەکێشى گەورەدا تێپەڕیکردووە، بەشێکى زۆری پەیوەست بووە بە بیروبۆچون و سیاسەتکردنى بەشێک لە هێزە ناوخۆییەکانى کوردستانەوە، چ لەنێو حکومەت بووبن یان لەدەرەوە، نوێنەرایەتى پەرلەمانیان هەبووبێت یان نە، ئەوان شۆڤارییان بۆ بەرپرسانى عێراقی کردووە و جاری واش هەبووە دەستخۆشییەکیشیان پێنەبڕاوە، بەشێکی زۆریشى بۆ نەشارەزایی و بێ ئاگاییان بووە لە سروشتى کۆمەڵگەى عێراقى و پێکهاتەى هێزەکانى و چۆنیەتى مامەڵەکردنیان لەگەڵ کورد.

‎سیاسەتى بانێکەو دوو هەوا:

‎ ئەگەر سەرنجێک لەو بابەتە هاوبەشانە بدەین کە لەنێوان کورد و لایەنەکانى خۆیاندا رویداوە و چۆن بە سیاسەتى "بانێکەو دوو هەوا" مامەڵەیان لەگەڵ کردووە، هەربۆنموونە، ئاوارەکانى کوردستان لە سایەى سیاسەتەکانى بەعس لەنێوان کوردستان و ئەو عەرەبانەى کە پێیان دەگوترێت " ئاوارەکانى رەفحا" ئیتر لەوە تێدەگەین ئەوان نایانەوێت شتێک بۆ کورد بکرێت، ئاخر هەموو ئاوارەیەکى "رەفحا – پارێزگایەکە لە عەرەبستانى سعودیە" با منداڵێکیش بێت مانگانە زیاتر لە ملیۆنێک مووچەیان پێدراوە نەک هەر خێزانێک، بەڵکو هەر کەسێک، بەڵام بریاری قەرەبووکردنەوەى کوردستان راگیراوە، هیچ ئاوارەیەک نییە مووچەیەکی وەرگرتبێت، یان ئەو هەموو ئەنفال و کیمیایی باران و گوندوێرانکردنە، نەک هەر قەرەبوو بە حەقى خەڵکی کوردستان نازانن بەڵکو لەمپەریان بۆ بەپارێزگابوونى هەڵەبجەش دروستدەکرد، ئەوەى کە زیاتر گۆمەکەى قوڵکردووەتەوە کرمە ناوخۆییەکانى کوردستانن.

‎فیدراڵییەتى فشۆڵ:

‎ بارزانى لەگوتارەکەیدا لەبارەی فیدراڵیەتە فشۆڵەکەى عێراقەوە گوتی: ئەگەر مەبەست ئەوەیە فیدراڵییەت نەماوە، با بە سەراحەت پێمان بڵێن ئێمە قەناعەتمان بە فیدراڵییەت نەماوە. ئەو کاتە ئەوەی قبووڵی دەکات، قبووڵی دەکات، ئەوەی قبووڵیشی ناکات، بڕیاری خۆی دەدات، بەڵام مامەڵەی ئێستای لەگەڵ هەرێم دەکرێت، هی فیدراڵییەت نییە." گوتیشى "لە نیوە کەمتری پشکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە دەنێردرێت، تەنیا تۆز و خۆڵەکەی نەبێت سێ ئەوەندە دەبێت."

‎لیستى مووچەى مانگانە و پاساوە بێ بنەماکانى عێراق:

‎بارزانی گوتی، پێشبینیم دەكرد بەرپرسانی ئێستای عێراق خۆیان داكۆكی لە مافی خەڵكی كوردستان بكەن نەك مووچە ببڕن. گوتیشی، لەمەودوا بەهیچ شێوەیەك ئەوەی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران دەكرێت قبوڵكراو نییە. وەک بەرپرسانى هەرێمى کوردستان دەڵێن، هەموو مانگێک لەکاتى ئامادەکردنى لیستى مووچەدا حکومەتى عێراق هەرجارەى بە پاساوێک بۆماوەیەک چەند رۆژێک مووچە دوادەخات ، پاساوەکانیش ئەوەندە لاوازن کە دواجار هەر خۆیان مووچەکە رەوانەدەکەن، بەڵام ئەوەى کە هەمووان نیگەران دەکات ئەو هەوڵە نالەبار و ناشیرینانەن کە لە لایەن هەندێک هێز و لایەنەوە شۆڤاری دەکرێت و لەبری ئەوەى لایەنگریی لە دۆسیەى نەتەوەکەیان بکەن، پاساو بۆ عێراق دەهێننەوە و شایولۆغان بۆ ئەوە دەکەن کە ئەگەر کاروبارەکان بدرێنەوە دەست عێراق کێشەیان نامێنێت ، بەڵام لەوەتەى عێراق هەیە یەک مانگ بەباشى بەشە بودجە و مووچەى فەرمانبەرانی نەناردووە و کەچى هێشتا بیانوو بۆ عێراق دەهێننەوە.

‎تێکۆشان لەپێناوى نەتەوە یان مووچەدا:

‎هەندێک لە لایەنەکانى کوردستان بە دەست ئەنقەست یان بە نەزانیی خەباتى سەدەیەکى نەتەوەى کورد پەیوەست دەکەن بەو برە پارەیەوە کە هی هەموو گەلانى عێراقەو هەرێمى کوردستانیش بەگوێرەى دەستوور پارچەیەکى دانەبڕا و قەوارەیەکى دانپێدانراوە، کەچى جیاوازییەکان زۆر بە ئاشکرا دەبینرێت، ئەوەندەش چاویان لەسەر پارەو پووڵە ئەوەندە ئاگایان لە کێشەى نەتەوەکەیان و خەبات و تێکۆشان نەماوە و دەیگۆڕنەوە بە لوولە کەبابێ وەک پیرەمێردى شاعیر دەڵێت.

پیاوی وام دیووە بۆ نان و کەباب
کـەوتۆتە زەمی مام و خاڵ و باب

‎بارزانى بەئاشکرا گوتى "وایان لە بابەتی مووچە کردووە، کە خەبات و تێکۆشانی ئەو هەموو ساڵەی ئەم میللەتە و ئەو هەموو شەهیدانەی دراون و ئەو هەموو ئەنفال و کیمیابارانە، تەنیا لەبەر مووچە بوونە. ئەگەر مەبەست مووچە با، دەوڵەتانی پێشتر دەستی کوردیشیان ماچ دەکرد و مەمنونیش بوون.

بەداخەوە ئەمە بەچاوساخی و بە ڕێنمایی هەندێک لایەنی ناوخۆ بووە."

‎دەمێکە نالی شاعیریش گوتوویەتى:

‎"نالی" چییە وا میسلی "جوعەل" غەرقی "شیاکە"ی
‎خــۆ تۆ بەحیساب وەکو "پەروانە" "شەم"ـت بوو..



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP