هەرێم نیوز
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە کەناڵی ئێن بی سی نیوز بە پشتبەستن بە "پێنج سەرچاوە" بڵاویکردەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پلانێک دادەڕێژێت بۆ گواستنەوەی هەمیشەیی یەک ملیۆن فەلەستینی لە کەرتی غەززەوە بۆ لیبیا.
دوو سەرچاوەی ئاگادار لە پلانەکە و بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکی بە تۆڕە ئەمریکییەکەیان ڕاگەیاندووە، پلانەکە لە ژێر وردبینییەکی جددیدایە و حکومەتی ئەمریکاش لەگەڵ سەرکردایەتی لیبیا ئەو بابەتەی تاوتوێ کردووە.
پێدەچێت حکومەتی ئەمریکا ملیارەها دۆلار لە پارەی لیبیا کە زیاتر لە دە ساڵ لەمەوبەر ڕاگیرابوو، لە بەرامبەر گواستنەوەی فەلەستینییەکان بۆ لیبیا ئازادبکات.
هێشتا ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر ئەم بابەتە نەکراوە و ئیسرائیلیش لە گفتوگۆکانی ئیدارەی ترەمپ لەو بارەوە ئاگادارکراوەتەوە.
وردەکارییەکان سەبارەت بە کاتی یان میکانیزمی جێبەجێکردنی پلانەکە هێشتا کاری لەسەر دەکرێت و پێدەچێت ڕووبەڕووی چەندین بەربەست ببێتەوە و تێچووی زۆری هەبێت. هەروەها ڕوون نییە کە ئیدارەی ترەمپ چۆن پارەی پلانەکە دابین دەکات.
پلانی پێشووی ترامپ بۆ ئاوارەبوونی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە ڕووبەڕووی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی وڵاتانی عەرەبی بوویەوە، دواتر پلانێکی عەرەبی بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە بە شێوەیەک کە مافی مانەوەی فەلەستینییەکان لە خاکەکەیاندا مسۆگەر بکات پەسەندکرا.
بەگوێرەی ئەوەی کە ئێن بی سی نیوز بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانی ئەمریکا بەدواداچوون بۆ بژاردە بەردەستەکان و هەموو شێوازە ئەگەرییەکان دەکەن بۆ گواستنەوەی دانیشتوانی غەززە بۆ لیبیا، جا چ لەڕێگەی ئاسمانی، وشکانی یان دەریاییەوە. بەڵام چەندین نادڵنیایی و پرسیار لەبارەی پلانەکەوە هەیە، لەوانە چەند هاوڵاتی غەززە خۆبەخشانە ژیان لە لیبیا هەڵدەبژێرن.
تۆڕەکە لە زاری بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکییەوە نووسیویەتی: یەکێک لەو بیرۆکانەی کە لەلایەن ئیدارەی ترەمپ باسی دەکرێت، دابینکردنی هاندانە داراییەکانە بۆ فەلەستینییەکان، وەک پێدانی خانوو و بڕینەوەی مووچە.
هەروەها سوریاش ئەگەری هەیە وەک شوێنێک بۆ گواستنەوەی دانیشتوانی غەززە دابنرێت.
لەبەرامبەردا باسم نەعیم، سەرکردەیەکی باڵای بزووتنەوەی حەماس، وەڵامی هەواڵەکانی سەبارەت بە پلانی ترەمپ بۆ گواستنەوەی خەڵکی غەززە بۆ لیبیا دایەوە و وتی: حەماس ئاگاداری هیچ گفتوگۆیەک نییە سەبارەت بە گواستنەوەی فەلەستینییەکان بۆ لیبیا.
ئەو بەرپرسەی حەماس جەختی لەوە کردەوە: فەلەستینییەکان ڕەگ و ڕیشەیان لە زێدی خۆیاندا هەیە و ئامادەن هەموو شتێک بکەنە قوربانی بۆ بەرگریکردن لە خاک و نیشتمان و خێزان و داهاتووی منداڵەکانیان. لە کۆتاییدا خەڵکی غەززە تەنها مافی بڕیاردانیان هەیە.