هەرێم نیوز
هەڵمەت هەمزە ڕایگەیاند، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون خواستی لەسەر گۆشتی سوور کەمکردووتە.
هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هەولێر ڕایگەیاند: "تای خوێنبەربوون پەیوەندی بە نزیکبوونەوەی جەژنی قوربانەوە نییە، بەڵکو لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما بڵاودەبێتەوە، لە یەک هەفتە پێش جەژنی نەورۆزدا رۆژانە 150 تۆن گۆشت دەخرایە بازاڕەوە، ئەمە زۆرترە لەو بڕەی جەژنی قوربانی رابردوو خرایە بازاڕ".
باسی لەوەشکرد: "لە سەربڕخانەی هەولێر خواست لەسەر گۆشت 30٪ بۆ 35٪ کەمبووەتەوە، ئەوەش دوای تۆمارکردنی تای خوێنبەربوون لە کەرکووک".
ئەوەشی خستەڕوو: "پێش تۆمارکردنی یەکەم تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە کەرکووک، رۆژانە زیاتر لە 800 سەر ئاژەڵی گەورە و بچووک لە سەربڕخانەی هەولێر سەردەبڕدران، بەڵام ئێستا کەمبووەتەوە. دوێنێ شەممە 582 سەر ئاژەڵ سەربڕدران".
هەڵمەت هەمزە ڕوونیشیکردەوە: "ئێستا لە سەربڕخانەی هەولێر "ئاژەڵ پێش و پاش سەربڕینی، بە چەندین فلتەردا دەڕوات و وەزارەتی تەندروستی کەرەستەی پێویستی بۆ سەربڕخانەکان دابین کردووە".