هەرێم نیوز
وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، راکێشانى پارەى سپاردەى دارایی رێوشوێنێکى سرووشتییە.
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رایدەگەیەنێت،" ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی 15ی نیسانی 2025 دەسەڵاتی پێداوین بۆ راكێشانی پارەی سپاردەی دارایی كە بڕەكەی سێ ترلیۆن و 45 ملیار و حەوت ملیۆن و 500 هەزار و 252 دینار بووە، بۆ پارەداركردن و مووچەی مانگی نیسان و مانگەكانی دواتر".
باسی لەوەشکرد، "راکێشانى پارەى سپاردەى دارایی رێوشوێنێکى سرووشتییە و پشتبەستووە بە بڕیارى ژمارە (294)ى ساڵى 2025ى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق، ئەو بڕە پارەیە بەشێکە لە داهاتى کۆتایی گەنجینەى گشتیى دەوڵەت".
ڕوونیشیکردەوە، "پارەى سپاردەى دارایی لە هەژمارێکى بانکیى وەزارەتی داراییدایە لە بانکی ناوەندى و ئەو پارەیە بە کاتى لەوێ دەبێت تاوەکو رێوشوێنەکانى پاکتاوى باج دەکرێن بۆ ئەوەى بزانرێت ئەو بڕە پارەیەى هەژمارەکە یەکسانە بەو باجەى لەسەر باجدەرەکەیە، ئەگەر پارەکە زیاتر بوو دەگەڕێندرێتەوە بۆ ئەو لایەنەى پارەکەى داناوە، ئەگەر هاوشێوەش بوو ئەو بڕە پارەیە وەک بەشێک لە داهاتى گەنجینەى دەوڵەت هەژماردەکرێت".