هەرێم نیوز
سەرۆکایەتی کۆماری سوریا هێرشەکەی ئیسرائیل بەمەترسی ناودەبات و رایدەگەیەنێت” ئەوە پێشهاتێکی مەترسیدارە دژ بە دامەزراوەکان و شکۆی دەوڵەت”.
ئەمڕۆ هەینی، سەرۆکایەتی کۆماری سووریا، لە بەیاننامەیەکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆسەر ناوچەیەکی نزیک لە کۆشکی کۆماری سوورا کرد و بە پێشهاتێکی مەترسیداری ناوبرد.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، سووریا لەبەرانبەر شکۆ و ئاسایشی خۆیدا، بەهەموو جۆرێک بەرگریی لە مافی گەلەکەی دەکات ، داوای لە هەموو لایەنەکان کرد، پابەند بن بە گفتوگۆ و دیالۆگ لەچوارچێوەی یەکپارچەیی خاکی نیشتمان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی دروستکردنی ئاژاوە.
سەرۆکایەتی کۆماری سووریا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی عەرەبی دەکات، پشتیوانی سووریا بکەن بەرانبەر ئەو دەستدرێژیانەی پێشێلی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان دەکەن.
ئاماژە بەوەشدراوە، دەستدرێژییە ناوخۆیی یان دەرەکییەکان کە ئامانجیان تێکدانی یەکپارچەیی سووریایە، سەرکەوتوو نابن لە لاوازکردنی هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر ئامانجێک لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق، ئەوەش لەپێناو پاراستنی کەمینەی درووزەکان لە سووریا، هاوکات ناتانیاهو ڕایگەیاند، ئێستا دەسەڵاتی سووریا لە پەیامەکە تێدەگەن و دەزانن مەبەستمان چی بووە.