دواین هەواڵ

کلتور‌

 16 کاتژمێر پێش ئێستا

لەبیرکردن سەرەتای خۆشبەختی مرۆڤە

لە بیرکردن ….
لەبیرکردن سەرەتای خۆشبەختی مرۆڤە ..!

خۆشناو محەمەد

تـۆ ڕۆژێک پیر دەبیت ، 
بەڵام من لەمە پیرتر نابم ،
لەساتێکی تەمەنمدا وەستاوم ،
چاوەڕوانم تۆ بێیت و لەبەرامبەری منەوە تێپەڕیت ،
جوان ، بەساڵاچوو ، ڕازاوە بەو ڕووناکیەی کەلەتاریکی منت بردووە ! 

 فیلمی ( Haft Bahar Narenj ) فیلمێکی ئێرانی هەڵگری کۆمەڵێک دیدگای فەلسەفی و ئاماژەی قوڵە ، ئەم فیلمە لەسەر هەمان ڕێگای زۆرێک لە فیلمە فارسیەکان دەڕوات ، پشت دەبەستێت بە بابەتە مرۆڤایەتیەکان ، لەڕێگەی چیرۆکێکی سادەوە دەتبات بۆ نێو قوڵایی بابەتە مرۆڤایەتیەکان و وجودیەکان ، ئەو بابەتانەی ئاڵۆز و تاریکن ، گەرچی ئەم فیلمە لەسەر ئاستی جیهان وەک پێویست ناسراو نیە بەڵام شایستەی خەڵاتی مرۆڤایەتیە ، دەتوانم بڵێم ناوەڕۆک و پێکهاتەی سینەمایی ئەم فیلمە سنورەکانی سینەمایی ئێرانیە تێپەڕ دەکات تا ڕوئیایەکی فەلسەفی قوڵمان پێشکەش بکات .

شیکاری فەلسەفی ناوی فیلم :
‏( Haft ) واتە : حەوت ، ئەم ژمارەیە ئاماژەیەکی ڕەمزیە بۆ ڕۆشنگەری فارسی ، بۆ نمونە : Haft Sin لە جەژنی نەورۆزدا .
‏( Bahar ) واتە : وەرزی بەهار ، ئاماژەیە بۆ نوێبونەوە ، ژیان ، ئومێد ، زیندووبونەوە .
‏( Narenj ) واتە : پڕتەقاڵ ، یان گوڵە نارنج ، لە بۆن و خواردنەکاندا بەکار دەهێنرێت ، بۆنێکی سەرنجڕاکێش و زیرەکانەی هەیە ئاماژەیە بۆ ژیان و یادەوەری .

ئەگەر ئەم ڕەمزانە پێکەوە کۆ بکەینەوە : حەوت گوڵی پڕتەقاڵی لە بەهاردا ، ئاماژەیە بۆ قۆناغە ڕۆحیەکان یان وجودیەکان لەژیانی مرۆڤدا ، پەیوەست بە نوێبونەوە و پاکی و یادەوەری .

پەیامە فەلسەفیەکانی فیلم :
کات و چەرخی سروشت :
ئەم فیلمە لەناوەڕۆکدا بەهار و نارنج بەکار دەهێنێت تا تیشک بخاتە سەر پەیوەندی نێوان مرۆڤ و سروشت ، هەروەها چۆن گۆڕانکاریە وەرزیەکان لەناوەوەی دەرونی مرۆڤدا گۆڕانکاری ئەنجام دەدات !

گەڕان بەدوای شوناس و حەقیقەتدا :
وەک زۆرێک لە فیلمەکانی ( عەباسی کیا ڕۆستەمی ) یان ( مەجید مەجیدی ) دەکرێت بڵێین پاڵەوانی فیلم گەشتێکی ناوەکی ئەنجام دەدات لەپێناو دۆزینەوەت خود یان مانایەکی ڕاستەقینە بۆ ژیان .

ژیان لەڕێگەی سادەییەوە :
نارنج پێکهاتەیەکی سادەیە لەژیانی ڕۆژانەماندا ، بەڵام لەناو پێکهاتەی سینەمای ئێرانیدا بەکار دەهێنرێت تا جوانی لەناو وردەکاریەکانی وجود دا بدۆزرێتەوە ! ئەم بیرۆکەیە دەگەڕێتەوە بۆ فەلسەفەی ( فەلسەفە لەڕێگەی ئاشناییەوە ) !

ژمارە حەوت :
ژمارە حەوت ئاماژەیە بۆ قۆناغەکانی ڕێگای ڕۆحی ڕووەو ڕوناکی یان ئیلحاد لەگەڵ حەقیقەتدا .

( دیالۆگ ، هەموو ڕستەیەکی دیالۆگ پڕیەتی لە حەقیقەت ، ناوەڕۆکی فیلم و ڕوداوەکان دەتبات بۆ ناو قوڵایی فیلم بەجۆرێک هەست بەکات ناکەیت ) !

بەمە دەوترێت فیلمی سینەمایی نەک دیالۆگی بازاڕی و چیرۆکی بێمانا ….



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP