هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ بە ئاماژەدان بە سزاکانی ڕۆژی چوارشەممەی ئەمەریکا بۆ سەر تۆڕی هەناردەکردنی نەوت و پترۆکیمیایی ئێران، وتی: شەوی ڕابردوو سزاکانم سەپاند، هەر وڵاتێک نەوت لە ئێران بکڕێت، مافی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکادا نابێت".
ترەمپ لەبارەی سەردەمی بایدنەوە ڕایگەیاند "ئەگەر من سەرۆک بوومایە، ئێران پارەی نەدەدا بە حەماس و حیزبوڵڵا و هیچ کەسێکی تر، چونکە بەهیچ شێوەیەک پارەیان نەبوو و بەتەواوی مایەپووچ بوون".
وتەکانی ترەمپ هاوکاتە لەگەڵ ئەو هەواڵانەی کە بە فەرمی باسیان لەوە کرد گەڕی چوارەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران دوادەخرێت، کە بڕیار بوو ڕۆژی شەممە لە ئیتاڵیا بەڕێوەبچێت.
ترەمپ پێشتر خۆشحاڵی خۆی بە پێشکەوتنی دانوستانەکان دەربڕیبوو، بەڵام هۆشداریشی دابوو کە ئەگەر دانوستانەکان شکستی هێنا، پەنا بۆ کردەوەی سەربازی دژی ئێران دەبات.
ترەمپ باسی لەوەش کرد کە لە یەکەم خولی سەرۆکایەتی ئێران لە دۆخێکی زۆر سەختدا بوو و ئامادە بوو ڕێککەوتنێک بکات، بەڵام لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەمریکا ئەم پرۆسەیە ڕاگیرا.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئەمریکا زنجیرەیەک سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە و لە دوایین خولی ئەو سزایانەشدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە 7 کۆمپانیای تێوەگلاو لە فرۆشتنی نەوتی ئێران سزا دەدات. چوار لەو کۆمپانیا سزادراوانە بارەگاکەیان لە ئیمارات و کۆمپانیایەکیش لە تورکیایە.