هەرێم نیوز
بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی وتووە، هەتا دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەردەوام بێت، ئیسرائیل ئەگەر بیەوێت هێرش بکاتە سەر ئێران، ناچار دەبێت بەتەنیایی و بەبێ دەستوەردانی ئەمریکا ئەم کارە بکات.
ئەو دەزگای میدیاییە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە "هەڵمەتی نەتانیاهۆ دژ بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە سەردەمی ترامپدا کاڵ بووەتەوە"، بەڵام لە ماوەی 18 مانگی ڕابردوودا ئیسرائیل بە لاوازکردنی هاوپەیمانەکانی ئێران لە ناوچەکە و هێرشکردنە سەر پێگە بەرگرییە سەرەکییەکانی ئێران، باڵادەستی ستراتژیکی بەدەستهێناوە.
بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی دانوستانەکانی واشنتۆن و تاران، نەتانیاهۆ نەیتوانیوە ترەمپ ڕازی بکات کە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە پێشینەی کارەکانیدا دابنێت. هێرشێک کە شەرعیەت و هەلی سەرکەوتنی کەمی هەیە بەبێ پشتیوانی ئەمریکا.
ئیتان گیلبوا، مامۆستای پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە زانکۆی بار ئیلان لە تەلئەبیب، بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی ڕاگەیاندووە، "ناتانیاهۆ گیری خواردووە". ئەو حیساباتی کردبوو کە لەگەڵ گەڕانەوەی ترەمپ بۆ سەر دەسەڵات، پێگەی ئیسرائیل لە دژی ئێران بەهێزتر دەبێت. بەڵام بە کردەوە پێچەوانەکەی ڕوویداوە.
جێی ئاماژەیە، پێشتر ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە بژاردەی یەکەمیان بەرامبەر ئێران دانوستان و ڕێی دیپلۆماسییە و سوورە لەسەر ئەوەی لەگەڵ ئێران ڕێکبکەوێت و چەکی ئەتۆمی نەبێت، بەپێچەوانەوە ئەمریکا هەنگاوی سەربازی دژی ئێران دەگرێتە بەر.