دواین هەواڵ

جیهان‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

داوای گەیاندنی هاوکاری بەپەلە دەکرێت بۆ غەززە

هەرێم نیوز

کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور ڕایگەیاند کە دۆخی مرۆیی لە غەززە لە لێواری "ڕووخانی تەواوەتی"دایە؛ ئەم هۆشدارییەش دوای دوو مانگ دێت کە ئیسرائیل ڕێگری لە هاتنی هاوکارییەکان بۆ ناوچەکە کرد.

خاچی سوور لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە قەیرانەکە بەهۆی هێرشی دووبارە بۆ سەر نەخۆشخانەکان و کارمەندانی پزیشکی زیاتر بووە و داوای دەستپێکردنەوەی دەستبەجێی گەیاندنی هاوکاری کردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی خاچی سووردا هاتووە، "بەبێ دەستبەجێ دەستپێکردنەوەی گەیاندنی هاوکارییەکان، خاچی سوور دەستی بەو خۆراک و دەرمان و پێداویستییە گرنگانە ناگات کە پێویستە بۆ درێژەدان بە زۆرێک لە بەرنامەکانی لە غەززە".

پێشتر ڕێکخراوە فریاگوزارییەکان هۆشدارییان دابوو کە دوا چێشتخانەی دابەشکردنی خۆراکی بێبەرامبەر لە کەرتی غەززە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دادەخرێن و مەترسی برسییەتی بەکۆمەڵ نزیکە.

ئیسرائیل کۆنترۆڵی توندی خستووتەسەر هاتنە ژوورەوەی هەر هاوکارییەکی نێودەوڵەتی بۆ ناو غەززە، کە بۆ مانەوەی زیاتر لە دوو ملیۆن فەلەستینی دانیشتووی کەرتی غەززە زۆر گرنگە.

ئیسرائیل لە ٢ی ئازاردا، چەند ڕۆژێک پێش کۆتایی هاتنی ئاگربەستی کاتی، هەموو ناردنی هاوکارییەکانی بۆ غەززە ڕاگرت.

ئیسرائیل دەڵێت ئامانج لە سنووردارکردنی گەیاندنی هاوکارییەکان، فشارخستنە سەر حەماسە بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لە ژێردەستیاندا ماونەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP