دواین هەواڵ

جیهان‌

 18 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمریکا دەڵێت جەنگی ڕووسیا و ئۆکراین بەم زووانە کۆتایی نایەت

هەرێم نیوز

جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەی دی ڤانس ڕایگەیاند، شەڕی ئۆکرانیا "بەم زووانە کۆتایی نایەت". ئاماژەی بەوەشکرد، ئاڵنگاریی سەرەکی بۆ ئیدارەی ئەمریکا لە ئێستادا ئەوەیە کە چۆن یارمەتی ڕوسیا و ئۆکرانیا بدات بۆ گەیشتن بە "خاڵێکی ناوەند" بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێیەی زیاتر لە سێ ساڵە بەردەوامە.

ڤانس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز وتی: ئەوە کاری ڕووسیا و ئۆکرانیا خۆیانە کە بگەنە ڕێککەوتن و کۆتایی بەم شەڕە دڕندانە بهێنن.

ئەم لێدوانەی ئەو دوای ئەوە هات کە ئەمریکا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ کیێڤ واژۆ کرد بۆ ئەوەی بەشداری لە قازانجەکانی سامانە سروشتییەکانی ئۆکرانیا بکات لە بەرامبەر هاوکارییە ئەمنییەکانی داهاتوویدا.

لەم چاوپێکەوتنەدا ڤانس هەروەها بەرگری لە هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ کرد لە شەڕی ئۆکرانیا. وتیشی: بەڵێ، تەواو ڕوونە کە [ئۆکرانیەکان] تووڕەن لە هێرشکردنە سەر وڵاتەکەیان. "بەڵام ئایا ئێمە بەردەوام دەبین لە لەدەستدانی هەزاران سەرباز بەهۆی چەند کیلۆمەترێک ئەملاتر یان ئەولاترەوە؟"

دۆناڵد ترەمپ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێشنیاری کردووە کە ڕەنگە ئۆکرانیا ئامادە بێت دەستبەرداری نیمچە دوورگەی کریمە بێت کە ڕووسیا لە ساڵی 2014 داگیری کردبوو، بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنی ئاگربەست.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP