هەرێم نیوز
سەرۆکی ڕۆحیی دروزەکانی سوریا ڕایگەیاند: ئێمە باوەڕ و متمانە بەو دەستەیە ناکەین، کە خۆیان وەک حکومەت ناساندووە، چونکە هیچ حکومەتێک لە ڕێگەی گرووپە خوانەناسەکانی، میلەتی خۆی ناکوژێت. هەروەها داوای دەستێوەردانی خێرای هێزە نێودەوڵەتییەکان بۆ "چەسپاندنی ئاشتی و ڕێگریکردن لە بەردەوامیی ئەو تاوانانە" دەکات.
حیکمەت سلێمان ئەلهیجری، سەرۆکی ڕۆحیی دروزەکانی سووریا، لەبارەی کۆمەڵکوژی و هێرشەکانی حکومەتی سووریا بۆ سەر دروزەکانی ئەو وڵاتە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: لەکاتێکدا هاوڵاتییان بە ئارامیی لە ماڵەکانیاندا دانیشتبوون، چەکدارە خوانەناسەکان هێرشیان کردووەتە سەریان. ئەوانیش بەرگرییان لە گیان و ماڵ و شکۆی خۆیان کردووە. ئەوان بێتاوان کۆمەڵکوژ کراون.
ئاماژە بەوەش دەکات، ئێمە باوەڕ و متمانە بەو دەستەیە ناکەین، کە خۆیان وەک حکومەت ناساندووە، چونکە هیچ حکومەتێک لە ڕێگەی گرووپە خوانەناسەکانی، میلەتی خۆی ناکوژێت. متمانە بە چەکدارەکانیان ناکەین، کە تەنیا ئامێری کوشتن و ڕفاندن و خوێنڕشتن و شاردنەوەی ڕاستییەکانن.
دەڵێت، پێیان وایە پێکهاتەکان لە تایفەکان و ئایینەکان هەموویان کافرن، لە کاتێکدا حکومەت گەلەکەی دەپارێزێت، ئەگەر ئەرکی خۆی بەرامبەر گەلەکەی جێبەجێ بکات، گەلەکەی لەگەڵی دەبێت.
باس لەوەش دەکات: داواکردنی پاراستنی نێودەوڵەتی مافێکی ئاسایی و شەرعییە بۆ گەلێک کۆمەڵکوژ کرابێت، بۆیە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بە هەموو ڕێکخراوەکانیانەوە، چاوپۆشی لەوە نەکەن چ کۆمەڵکوژییەک بەرانبەر گەلەکەمان کراوە".
ئەسعەد حەسەن شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا داوای دەستێوەردانی دەرەکی بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێی ئەم دواییەی سوریا ڕەتکردەوە و وتی: هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی لەناوبردنی سوریا و ئەگەری هەیە وڵاتەکە بۆ دەیان ساڵ دابەش بکات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەریتانیایە، شەوی دووشەممە لە شەڕی تائیفی نێوان هێزە ئەمنییەکانی سوریا و چەکدارە ناوخۆییەکانی دروز لە جەرمانا 17 کەس کوژراون و شەوی دواتر شەوی سێشەممە 22 کەس لە سەحنایە کوژراون.
ڕۆژی چوارشەممە، ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێرشی کردووەتە سەر "گرووپێکی توندڕەو لە سوریا" کە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر دانیشتوانی دروزەکان لە شارۆچکەی سەحنایە لە باشووری دیمەشق. ئیسرائیل ڕایگەیاند کە مەبەست لەم ئۆپەراسیۆنە پشتیوانی لە کەمینەی دروزەکان بووە لە سوریا.
کاربەدەستانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندبوو کە ئەگەر هێرشەکان دژی کەمینەی دروزەکان بەردەوام بن، ئەوا ئامادە دەبن هێرش بکەنە سەر ئامانجەکانی سەر بە حکومەتی سوریا.
لەبەرامبەردا حکومەتی سوریا هەرچەشنە دەستێوەردانێکی دەرەکی ڕەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە هەروا پابەندە بە پاراستنی هەموو کەمینەکان بە کەمینەی دروزیشەوە.