دواین هەواڵ

جیهان‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

ناتانیاهۆ: رێگە نادەین دەوڵەتی ئیسرائیل شکست بهێنێت

هەرێم نیوز
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئیسرائیل لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەم دواییەوە سەرکەوتو بووە لە گۆڕینی ڕوخساری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رێگە نادەین دەوڵەتی ئیسرائیل شکست بهێنێت.

 ئەمڕۆ یەکشەممە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند، ئیسرائیل لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەم دواییەوە سەرکەوتو بووە لە گۆڕینی ڕوخساری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جەختیشی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی پلانە هاوبەشەکانی حزبوڵڵا و یەحیا سنوەر، سەرۆکی حەماسی پووچەڵ کردووەتەوە.

ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەدا کە ئیسرائیل ڕێڕەوی فیلادلفیی کۆنترۆڵکردووە، کە یارمەتیدەر بووە بۆ گەمارۆدانی کەرتی غەززە و ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی چەک.

جەختیشی لەوە کردەوە کە "رێگە نادەین دەوڵەتی ئیسرائیل شکست بهێنێت". هەروەها ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی غەززە بۆ هێرشی ئاسمانی ئاشکرا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل "دەوڵەتێکی ژێردەستەیی نییە".

سەبارەت بە بەرەی باکور، نەتانیاهۆ ڕوونیکردەوە، ئیسرائیل شەڕەکەی گواستەوە بۆ لوبنان دوای ئەوەی حزبوڵڵا هاتە ناو شەڕەکەوە، هەروەها "ئۆپەراسیۆنی پەیجەر"ی ئەنجامدا، کە حزبوڵای تووشی شۆک کرد و لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە سەرکردە باڵاکانی لەناوبرد، بەبێ ئەوەی پێشوەختە ئیدارەی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنەکە ئاگادار بکاتەوە.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتەکەی سەرکەوتوو بووە لە لەناوبردنی ئەو چەک و مووشەکانەی کە حزبوڵڵا ماوەی ٣٠ ساڵە ئامادەکارییان دەکرد، هەروەها نەهێشتنی حەسەن نەسروڵڵا گورزێکی وێرانکەری لە میحوەرەکەی بەرخۆدان داوە.

سەبارەت بە سوریا ، نەتانیاهۆ ڕایگەیاند کە ئیسرائیل لەسەدا ٩٠ی تواناکانی سوپای پێشووی سوریای لەناوبردووە، ئاماژەی بەوەشکرد کە هێزە ئۆپۆزسیۆنە دڵسۆزەکانی تورکیا ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە ڕووخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەد.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP