هەرێم نیوز
وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، قبوڵ ناکەین لایەنێك لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی لە سوریا چەک هەڵبگرێت و دژی ئەو گروپانە دەوەستینەوە زیان بە یەکپارچەیی خاکی سوریا دەگەیەنن.
هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هیچ دەستوەردانێک قبوڵ ناکەین یەکێتی خاکی سوریا بکاتە ئامانج یان زیان بە سەروەری سوریا بگەیەنێت و قبوڵ ناکەین لایەنێك لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی لە سوریا چەک هەڵبگرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، دژی ئەو گروپانە دەوەستینەوە دۆخەکە دەقۆزنەوەو هەوڵ دەدەن زیان بە یەکپارچەیی خاکی سوریا و سەروەری بگەیەنن.
وتیشی، رێکخراوی پەکەکە لە گۆڕەپانی سوریادا نامێنێت، ئارەزومەندانەو بەرێگەی ئاشتیانە بێت یان بە رێگەی دیکە.
باسی لەوەشکرد، ئەنكەرە دەیەوێت دەستورو حکومەتێک لە سوریا ببینێت، کە دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو پێکهاتەکانی وڵات گەرەنتی بکات و دیمەشق هەنگاوی ئەرێنی لەو بارەوە ناوە.
دەشڵێت، چاوەڕێی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەین کە لە چەند مانگی رابردوودا لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی سوریا لە دیمەشق واژو کراوە، جەختیشی لە هەستیاری ئەم بابەتە بۆ تورکیا کردەوە.
دووپاتیکردەوە، چاوەڕوانین پەکەکە بە خێرایی و ئەرێنی وەڵامی بانگەوازی دانانی چەک و لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ ناوچەکە بدات.