هەرێم نیوز
ئەندامێكی لیژنەی نەوت و غاز رایگەیاند، شاندێکی حکومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و نوێنەری کۆمپانیا نەوتیەکان سەردانی بەغداد دەکەن.
بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێم، دەشڵێت، "تەنها ئالیەتێک ماوە بۆ گەرەنتی پێدانی (١٦) دۆلارەکە بە کۆمپانیاکان و تەرخانکردنی نەوت بۆ دابینکردنی پێداویستیەكانی ناوخۆ".
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، دوای کۆبونەوەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق، رۆژی شەممە کۆبونەوەیەکی دیکە لەبارەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە بەغداد ئەنجام دەدرێت و تەنیا ئەوە ماوە لەسەر ئالیەتێک بگەنە رێککەوتن و فشاری زۆر ھەیە ھەناردەی نەوتی ھەرێم دەست پێبکاتەوە.
سەباح سوبحی، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، رۆژی شەممەی داھاتوو وەفدێكی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، کە نوێنەری کۆمپانیاکانیشی لەگەڵ دەبێت، سەردانی بەغداد دەکەن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ وەفدی حکومەتی عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەكردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، ئەوەی ماوە تەنیا دۆزینەوەی ئالیەتێکە بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە، بۆیە ماوەتەوە گەرەنتییەک بۆ دانی (١٦) دۆلارەکە بە کۆمپانیاکان و تەرخانکردنی نەوت بۆ ناوخۆ و دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆ ھەبێت، ئەگەر ئالیەتەکە دیاری بکرێت و ئەو کێشە تەکنیکیانە تەواو بن، ھەناردەی نەوت دەست پێدەکاتەوە، چونکە فشارێکی یەکجار زۆر لە لایەن ئەمەریکا و ئەورووپا و تورکیا و کۆمپانیاکانیش لەسەر حکومەتی عێراق ھەیە، بۆ ئەوەی دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بکرێتەوە.