دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 1 هەفتە

بەفەرمانی بارزانی هەڵمەتێکی فراوان بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا یوسف دەکرێت

هەرێم نیوز

لە سەر فەرمانی بارزانی، تیمەکانی بەرگری شارستانی و تیمی فڕۆکەوانی فریاگوزاریی هەولێر بەشداردەبن لە گەڕان بەدوای تەرمی ئاڤێستا یوسف. 

پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە" بەمەبەستی چڕکردنەوەی هەوڵەکانی دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا سەید یوسف، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٠ی نیسانی ٢٠٢٥، مەلا مستەفا مەسعود بارزانی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، وێڕای سوپاس و دەست خۆشی لە سەرجەم تیمەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ماوەی چەند ڕۆژێکە بەردوامن لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی تەرمی ناوبراو، بۆ بەجێگەیاندنی ڕاسپاردە و فەرمانی بارزانی، لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا بەڕێزیان، پارێزگاری هەولێری ڕاسپارد کە تیمەکانی بەرگری شارستانی و تیمی فڕۆکەوانی فریاگوزاری شاری هەولێریش، لە سنووری (بێخمە تا قەزای خەبات) بخرێنە ئەرک و هەوڵەکان چڕتربکرێنەوە بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا یوسف".

جێگەی باسە ڕۆژی شەممە ٥ی نیسانی ٢٠٢٥، خانەوادەی سەید یوسف بۆ گەشتکردن چوونەتە سنووری قەزایی مێرگەسۆر، لەو کاتەدا یەکێک لە کچ و کورەکانی سەید یوسف بۆ وێنەگرتن دەچنە لێواری زێی گەورە کورەکەی دەکەوێتە نێو ڕووبار و خوشکەکەی بە ناوی ئاڤێستا یووسف هەوڵی ڕزگارکردنی براکەی دەدات، براکەی بە سەلامەتی دەردەچێت، بەلام ئاڤێستای خوشکی کە تەمەن 27 ساڵ بوو  دەکەوێتە ناو زێی گەورە تاوەکوو ئێستا بێسەروشوێنە تیمەکانی فریاگوزاری و هاوڵاتیانی دەڤەرەکە بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی سۆراغی تەرمی ناوبراو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP