هەرێم نیوز
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممە وتووێژی ڕاستەوخۆ لە نێوان ستیڤ ویتکۆف نوێنەری تایبەتی ئەمریکا و بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەدەچێت.
مارکۆ ڕوبیۆ لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ئێمە زۆر بەڕوونی وتوومانە کە ئێران هەرگیز نابێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت و ئەوەش هەڵوێستی ڕوونی ئێمەیە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارین ئەم گفتوگۆیە ببێتە هۆی ئاشتی.
ڕۆژی شەممە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە عومان وتووێژ دەکەن.
جێی ئاماژەیە، سەرەڕای پێداگری ئەمریکا لەسەر ئەوەی ئەم دانوستانانە ڕاستەوخۆ بن، بەڵام ئێران بە ناڕاستەوخۆ ناوی دەبات.
دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە مانگی نۆڤەمبەردا، دۆناڵد ترەمپ ویتکۆفی وەک نوێنەری خۆی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستنیشان کرد.
ویتکۆفی تەمەن 68 ساڵ، لە چەند مانگی ڕابردوودا لە پێشەنگی دانوستانە ئاڵۆزەکانی تایبەت بە غەززە و ئۆکرانیا بووە.