دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

عێراقچی: لەبارەی دانوستانەکان پەیامی دژبەیەک لە ئەمریکاوە دەبیستین

هەرێم نیوز

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە مۆسکۆ ڕایگەیاند: تاران لە دانوستانەکاندا پەیامی دژبەیەکی لە ئەمریکاوە پێدەگات.

عەباس عێراقچی، کە گەشتی مۆسکۆی کردووە، لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی سوپا لە باڵیۆزخانەی ئێران لە ڕووسیا سەبارەت بە شوێنی قۆناغی داهاتووی دانوستانەکان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "ڕۆما میوانداری دانوستانەکان نییە، بەڵکو شوێنی دانوستانەکانە؛ میوانداری دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا هێشتا حکومەتی عومانە".

عێراقچی وتی: "لە دانوستانەکان لە لایەنی ئەمریکییەوە پەیامی دژبەیەک دەبیستین، ئەوە مانای چییە و چ ئامانجێک لەخۆدەگرێت، پەیوەستە بەوانەوە. بەلای ئێمەوە ئەو قسانەیان بە پێوەر دەزانین کە لە لەسەر مێزی دانوستان دەیکەن".

عێراقچی ئاماژەی بە پێشکەشکردنی نامەکەی خامنەیی بۆ پوتین کرد و ڕایگەیاند، کە سەرۆکی ڕووسیا هەر کە نامەکەی پێگەیشت، خوێندووەتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران وتی لە میانەی دیدارەکەی لەگەڵ پوتین، بەوردی سەبارەت بە هاوکاریی دووقۆڵی و ناوچەیی گفتوگۆیان کردووە، لەوانە گفتوگۆی "ناڕاستەوخۆ"ی نێوان ئێران و ئەمریکا، هەروەها دانوستانەکانی نێوان ڕووسیا و ئەمریکاش.

وتیشی: چین، ڕووسیا و هەموو ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندیی نزیک و دووریان لەگەڵ ئێران هەیە، ئامادەیی خۆیان بۆ یارمەتیدان لە بەرەوپێشبردنی ڕەوتی دانوستان دەربڕیوە.

بڕیارە سبەی خولی دووەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران لە ڕۆما بەڕێوە بچێت. خولی یەکەمی ئەم وتووێژانە شەممەی ڕابردوو لە شاری مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەچوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP