دواین هەواڵ

جیهان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

ئێران: دەزانین رێگەی بەردەممان لەگەڵ ئەمریکا ئاسان نییە

هەرێم نیوز

وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیەنراوێکی لەبارەی دانوستانەکانی ئەمڕۆی ئێران و ئەمریکا بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، بە چاوکراوەیی و جانتایەکی پڕ لە ئەزموونی رابردووەوە دەڕۆن.

ئەمڕۆ خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە بەڕێوەدەچێت و وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش بەر لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە، ئاشتی بەردەوام لە گفتوگۆی راستگۆیانە لەنێوان گەلاندا لەدایک دەبێت، نەک لە سەپاندنی هێزەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆماری ئیسلامی ئێران هەمیشە پابەندبوونی خۆی بە دیپلۆماسی وەک رێگەیەکی شارستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بە نیازپاکی و روانگەیەکی بەرپرسیارانەوە، لەگەڵ رێزگرتن لە بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەی ئێران نیشانداوە.

ئەوەش خراوەتە روو، "دەزانین رێگای بەردەممان خۆش نییە، بەڵام بە چاوکراوەیی و جانتایەکی پڕ لە ئەزموونی رابردوەوە دەڕۆین".

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی 18ی4ی2025 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە مۆسکۆ باسی گەڕی دووەمی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکای کرد و رایگەیاند، "ئەگەر چی دوودڵیی جیدیمان بەرامبەر نیاز و ئامانجی لایەنی ئەمریکی هەیە، بەڵام لە دانوستاندنەکانی رۆژی شەممەدا جیدی دەبین و بە ویستی تەواوەوە بەشداری دەکەین."

عێراقچی وتی، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ "بەرنامەی ئاشتیخوازانەی ئەتۆمیی ئێران" بە تەواوی ئامادەییان هەیە و وتیشی، "ئەگەر ویستێکی هاوشێوەش لەلایەنی بەرامبەرەوە هەبێت و داواکاریی نابەجێیان نەبێت، ئەگەری هەیە بگەینە رێککەوتن."

گەڕی یەکەمی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکا رۆژی 12ی نیسان لە مەسقەتی پایتەخی عومان بەڕێوەچوو کە دواتر هەردوو وڵات کۆبوونەوەکەیان بە "ئەرێنی" ناوبرد.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP