هەرێم نیوز
"رێککەوتنی لیبیا لەگەڵ ڕۆژئاوا" کە 22 ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، جارێکی دیکە لە سەروبەندی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی ئێران بووەتە بابەتێکی گەرم.
22 ساڵ بەسەر ئەم ڕێککەوتنە تێدەپەڕێت، بەڵام چارەنووسی "مۆدێلی لیبیا" هێشتا بابەتێکی گەرمی گفتوگۆیە لە کۆڕبەندییە نێودەوڵەتییەکان. ئێستا کە ئێران و ئەمریکا لە لێواری گفتوگۆدان بۆ ئەگەری ڕێککەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، بەشێک لە ئێرانییەکان هۆشداری دەدەن لە بەکارهێنانی ئەم مۆدێلە بۆ ئێران و کۆمەڵێک سیاسەتمەدار ئەم مۆدێلە پێشنیاری دەکەن بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ تاران.
کاتێک لە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، شانبەشانی یەکتر دانیشتبوون. نەتانیاهۆ بە چاوخشاندنێک بە ڕۆژنامەنووسان وتی: ئەگەر بتوانرێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بە شێوەیەکی دیپلۆماسی، بە تەواوی ڕابگیرێت، وەک ئەوەی لە لیبیا ئەنجامدرا، پێموایە ئەوە کارێکی باش دەبێت.
تەنیا چەند کاتژمێرێک دواتر، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە جەزائیرەوە وەڵامی دایەوە و وتی: ئەوەی بەرپرسانی ئیسرائیل وتوویانە (مۆدێلی دانوستانی لیبیا) خواستێکی ئەوانە کە هەرگیز بەدی نایەت.
لە نێوان ئەم دوو هەڵوێستەدا هەڵبژاردەیەکی چارەنووسساز بۆ ئێران هەیە: شەڕ یان ڕێککەوتن. بەڵام لەناو ئەم گرژییانەدا ڕووداوێکی مێژوویی دێتەوە بەرباس: چارەنووسی موعەمەر قەزافی، سەرکردەی پێشووی لیبیا کە سەرەڕای ڕێککەوتن لەگەڵ ڕۆژئاوا، دواجار لە شەڕێکی ناوخۆدا دەسەڵاتی کۆتایی پێهات.
لیبیا بە سەرکردایەتی موعەمەر قەزافی لە ساڵی 2003 ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە بێ بەرنامەی ئەتۆمی بێت و کۆگای چەکی کیمیایی خۆی ڕادەست بکات و مەودای مووشەکەکانی بۆ ژێر 300 کیلۆمەتر سنووردار بکات. لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنەدا لیبیا نەک هەر ڕێگەی بە پشکنەرانی ئەمریکی و بەریتانیا دا بچنە ناو دامەزراوەکە، بەڵکو ڕێککەوتننامەی چەکی کیمیایی و پەیماننامەی قەدەغەکردنی (چەکی ئەتۆمی)یشی قبوڵکرد.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی، بە ئاماژەدان بەم ڕێککەوتنە، کە لە ساڵی ٢٠٠٣دا کرا، لە یاداشتێکدا دەنووسێت، ئەوەی لە لیبیا ڕوویدا، فێڵێکی ڕوون بوو؛ قەزافی بە بەڵێنەکانی ڕۆژئاوا فریوی درا و بە وازهێنان لە هێزی ئەتۆمی و مووشەکی، نەک هەر خۆشگوزەرانی و ئاسایشی بەدەست نەهێنا، بەڵکو وڵاتەکەی نوقمی بڵێسەی شەڕی ناوخۆ و هەڵوەشاندنەوەی کرد. ئێستا ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵ دەدەن هەمان سیناریۆی تاڵ بۆ ئێران دووبارە بکەنەوە و خەونی مەترسیداری "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە" لەسەر وێرانەکانی وڵاتانی ناوچەکە بە ئێرانیشەوە بنیات بنێن.
ڕێککەوتنی لیبیا لە ساڵی ٢٠٠٣ نموونەیەکی بەرچاوی چەکداماڵینی یەکلایەنە بوو. لە ١٩ی کانوونی دووەمی ئەو ساڵەدا، موعەمەر قەزافی جیهانی سەرسام کرد؛ ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی خۆبەخشانە دەستبەرداری هەموو بەرنامەکانی چەکی کۆمەڵکوژی دەبێت. ئەم بڕیارە دەرئەنجامی دانوستانە نهێنییەکانی چەند مانگێک بوو لە نێوان بەرپرسانی ئەمریکی و بەریتانیا و لیبیا. پشکنەرانی نێودەوڵەتی بۆ چاودێریکردنی تەواوەتی لەناوبردنی بەرنامە ئەتۆمی و کیمیاییەکان جێگیرکران. لە بەرامبەریشدا تەرابلوس پێشبینی دەکرد سزاکان هەڵبگیرێن و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بگەڕێنەوە و لیبیا بگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
سەرکردەکانی ئێران کە سەردەمانێک مووشەکەکانیان لە لیبیا وەرگرتووە، هەرگیز ئەزموونی ئەو وڵاتەیان لەبیر نەکردووە. عەلی خامنەیی چەندین جار ئاماژەی بە چارەنووسی قەزافی کردووە. لە وتارێکدا لە ساڵی 2011دا قەزافی وەک "کەسایەتییەک کە بەرخۆدانی نەبووە ناساند و ئاماژەی بەوەدا کە لە ساڵانی کۆتایی حوکمڕانیدا بە ئاسانی دەستبەرداری هەموو بەرنامە ئەتۆمییەکانی بوو و ڕادەستی ڕۆژئاوای کرد، لە کاتێکدا ئێران سەرەڕای هەڕەشە و سزای توند، نەک هەر پاشەکشەی نەکرد بەڵکو توانا ئەتۆمییەکانی فراوانتر کرد".
بەڵام پێدەچێت نەتانیاهۆ و ترەمپ جەخت لەسەر مۆدێلی لیبیا بکەنەوە، چونکە چەکداماڵینێکی تەواو، گەڕانەوەی نییە، بێ دووفاقی و بەبێ ئەگەری یاریکردن بە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە. بەڵام بەرپرسانی ئێران بەتوندی دژی ئەم جۆرە ڕێککەوتنەن. حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، "ئێمە بە هیچ شێوەیەک نیگەران نین لە شەڕ. ئێمە شەڕ دەست پێناکەین، بەڵام ئامادەین بۆ هەر شەڕێک. تینوێتی جیهاد بۆ بەرگریکردن لە بوون و ناسنامە، واقیعێکە لەناو هێزە چەکدارەکانمان و خەڵکیدا".