هەرێم نیوز
مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران دەیەوێت کۆتایی بەو دۆخە بهێنێت کە گەلەکەى تێی کەتووە و لەنێو تۆڕی گرانى و نالەباریی ژیان پەلیان بگرێت و دەربازیان بکات، بەڵام بەشێکى زۆر لە بەرپرسە سەربازییەکان و ئەوانەى کە پێیان دەگوترێت -سوپایی- نایانەوێت ئێران بخەنە ژێر هەژموونی ئەمریکاوە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک لە میدیاکان باس لەو دەکەن لەوانەیە ئێران سوپرایزێکى بۆ ئەمریکییەکان پێبێت کە تواناى رەتکردنەوەیان نەبێت، ئەویش ئەوەیە کە خوڵکی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بکات وەبەرهێنانى خۆیان لە بواری نەوت و گازدا دەستپێبکەن کە هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن قەبارەکەى زۆر گەوەرەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکى دیکە لە بەرپرسانى ئێرانى باوەڕیان وایە ئەمریکییەکان جێگەى متمانە نین ، بەتایبەتى دۆناڵد ترەمپ.
بۆ کۆتایی هێنان بە گرژى و ئاڵۆزییەکانی نێوانیان بڕیارە رۆژى شەممە ئێران و ئەمریکا لە سەڵتەنەتى عومان کۆببنەوە ، بەڵام هێشتا بە تەواویی یەکلایی نەبووەتەوە کۆبوونەوەکەیان (راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ) دەبێت و ئەوەش بووەتە لەمپەرێک لەبەردەم ئەو ئومێدەدا کە هاووڵاتییانى ئێرانى لە چەند رۆژى رابوردوودا بۆیان دروستبووە، بەگوێرەى راپۆرتی رۆژنامەکان ترەمپ پێشتر چەند جارێک دووپاتى کردووەتەوە ئەگەر ئێران بە دانوستانکردن قایل نەبێت و نەچێتە ژێر باری هەلومەرجە نوێیەکان هێرش دەکاتە سەرى، بەڵام ئێرانییەکان ئومێدى زۆریان لەسەر دانوستانەکان هەڵچنییوە سەرەڕای ئەوەى بەرپرسانى ئێرانى پێیانوایە باوەڕ بەسەرکەوتنى ناکەن و ئومێدیان بەوە نییە لەگەڵ ئەمریکییەکاندا بگەنە ئەنجامێکى دڵخۆشکەر، پزیشکیانیش گوتوویەتى سەرجەم رێککارەکان لە ژێر چاودێریی راستەوخۆی رێبەرى وڵاتەکەیاندایە، رۆژنامەکان ئاماژە بە دۆخی خراپی ژیانى هاووڵاتیانى ئێرانى دەکەن و نوسیویانە یەک لێدوانى ترەمپ کاریگەریی لەسەر ژیانى هەموویان دەکات و لە دوو رۆژى رابوردوشدا کاریگەریی لەسەر گۆڕینەوەى دراوى ئێرانى دانا و جووڵەیەکى خستەوە نێو بۆرسەى ئێرانى و بەهاى ریاڵی ئێرانى جوڵەیەکى تێکەوتەوە، بەگوێرەى رۆژنامەکە هێشتا نازانرێت دانوستانەکەى رۆژى شەممە بەڕێوەدەچێت یان نە، خۆ ئەگەر دانوستانەکان لەم قۆناغەدا سەربکەوێت و پێ بنێتە قۆناغێکی دیکەوە ئەوا سودمەندی یەکەم ئێران و هاووڵاتییان دەبێت و پێچەوانەکەشى راستە.