هەرێم نیوز
ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، ڕێبەری باڵای ئێران چەکدارەکانی وڵاتەکەی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشیدا.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای کردووە کە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بخرێنە حاڵەتی ئامادەباشی تەواوەوە.
ئەمەش دوای ئەوەدێت ئێران و ئەمریکا چەندینجار هەڕەشەی زارەکییان لەیەکترکردوە، سەرەڕای ئەوەی لایەنی ئێرانی چەندین جار ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا دووپات کردووەتەوە.
ئەو بەرپرسەی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە هۆشداریدا لەوەی هەر هێرشێک بکرێتە سەر وڵاتەکەی "ئەنجامی ترسناکی دەبێت"، ئەمەش بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز.
لەلایەکی دیکەوە ئەمرۆ عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەوەی دووپات کردەوە دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا ناکرێت، بەڵام دەرگای بە کراوەیی هێشتەوە بۆ گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی.
هاوکات محەممەد باغری سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بەدوای شەڕدا ناگەڕێت. وتیشی: بەڵام تاران بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە وەڵامی هەر هێرشێک دەداتەوە بۆ سەر خاک، سەروەری، یان ئاسایشی وڵاتەکەی.