هەرێم نیوز
کاروان ستوونی ڕایگەیاند، سعودیە بڕیاری داوە، ئەو کەسانەی بۆ عومرە چوونەتە وڵاتەکە، ئەگەر تاوەکو 29ـی ئەم مانگە نەگەڕێنەوە، سزای پێبژاردن دەدرێن.
کاروان ستوونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، سعودیە بە فەرمی رایگەیاندووە، هەر کەسێک لە دوای 29-04-2025 لە وڵاتەکەیان بمێنێتەوە بە سەرپێچیکار هەژمار دەکرێت و سزادەدرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەوانەی ئێستا لە گەشتی عومرەن، دەبێت بەر لە کۆتایی مانگ بگەڕێنەوە و بەپێچەوانەوە رووبەڕووی لێپێچینەوە دەبنەوە؛ هەر کەس و کۆمپانیا و دامەزراوەیەک بمێنێتەوە، بە 100 هەزار ریالی سعودی (زیاتر لە 26 هەزار دۆلار) سزا دەدرێت.
باسی لەوەشکرد، سعودیە ئەمساڵ رێکاری تووندی گرتووتەبەر بۆ رێگەگرتن لە حەجی نایاسایی و پێش چەند رۆژێکیش، هەموو ڤیزەیەکی راگرت تاوەکو دوای رێوڕەسمەکانی حەجی ئەمساڵ.
ئەوەشی خستەڕوو، بەگوێرەی بڕیارەکانی سعودیە، ئەم ساڵ کەس ناتوانێت بەو ڤیزانە حەج بکات، چونکە پێدانیان راگیراوە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕوونیشیکردەوە، گەشتی حەجی ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان، لە رۆژانی 10 بۆ 15ـی مانگی 5 دەستپێدەکات و ئێستا سەرقاڵی ئامادەکارییە یاسایی و کارگێڕییەکانن.