هەرێم نیوز
لە کاردانەوە بە باجی نوێی ئەمریکا، چین ڕایگەیاند کە هاوکارییەکانی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا بەهێزتر دەکات. هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەو وڵاتانە دەربڕی کە بەهۆی ئەو باجەوە کاریگەرییان لەسەرە.
چین ڕایگەیاندووە کە ئەم هاوکارییە بە ئامانجی پاراستنی سیستەمێکی بازرگانی فرەلایەنە لەسەر بنەمای ڕێساکان و دروستکردنی ئاسایش بۆ بازرگانی جیهانی.
ئەمە لەلایەن جێگری وەزیری بازرگانی چینەوە لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ هاوتا هەنگارییەکانی لە بوداپێست ڕاگەیەندرا.
هاوکات دۆناڵد ترەمپیش ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ دانوستان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە بەهۆی ئەو باجەوە زیانیان بەرکەوتووە. ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئەگەر وڵاتێک ئۆفەرێکی "نایاب" پێشکەش بکات، لەوانەیە بگاتە دانوستان لەگەڵیان. بۆ نموونە ترەمپ ڕایگەیاندووە باجەکانی سەر چین کەمدەکاتەوە ئەگەر چین ڕازی بێت بە فرۆشتنی بەشە ئەمریکییەکەی پلاتفۆرمی تیک تۆک.