د. نیاز نەجمەدین،
هەندێک جار ژیان سەخت دەست پێ دەکات، ئاسان کۆتایی دێت. بیربکەرەوە ئەکەویتە ناو ژینگەیەکی ناخۆشی کارکردن، یان عەشقێکی ترسناک، یان بسنزێک کە ئەوسەری دیار نییە، یان دەتنێرن بۆ سەربازیی. یان سیاسەت دەکەیت و هەر پارچەیەکت لە شوێنێکە و لای کەسێکە. خۆراگریی لەم جۆرە ژیانانەدا بەختەوەریی بەدوادا دێت.
پێشمەرگەیەک یان جەنگاوەرێکی رۆژئاڤا کە کەوتبێتە زیندانی بەعس یان داعشەوە، تەنها ددان بنێت بەوەی هاوڕێکانی کێن و پلانەکانیان چییە دنیایەک شت دەگۆڕێت و دەیان کەس دەخاتە مەترسییەوە. تەنها رێگەیەک بۆ مانەوەی و ئەوەی بەختی ژیانێکی باشتری هەبێت ئەوەیە خۆراگرە، عزەتی نەفسی بەرزە و خۆی نافرۆشێت، سەقامگیریی دەروونیی هەیە و توانای هەبووە بڕیار بدات(عزەتی نەفس جیایە لە دەعێ، دەبێ دەعێکەمان داگرین و عزەتی نەفسمان بەرز بکەینەوە). ئەگەر ئەم قسەیە بۆ پێشمەرگەیەک یان جەنگاوەرانی رۆژئاڤا راست بێت، ئەوا بۆ من و تۆش لە ژیانی مەدەنییانەی شاردا راستە.
قۆناغێک کە پیایدا تێدەپەڕیت هیچی تر نیە جگە لە مەشق بۆ قۆناغێكی تری ژیان. بەرگەی بگرە. موقەدەری لێ دەربکە، لە قۆناغی داهاتوودا ژیان باشتر تێدەپەڕێت. ئەم قسەیە چۆن بۆ من و تۆ راستە، ئاواش بۆ شوێنێکی وەک رۆژئاڤا راستە. خۆراگریی رۆژئاڤا بەرامبەر ئەو هەموو فشارەی لەسەریەتی بنەمایەکی سەرەکیی مانەوە و گەیشتنە قۆناغێکی تری باشتری ژیانێتی.
خۆراگریی مەرجی یەکەم بێت، ئەوا تێگەیشتن لە بەهای کردار و رەفتارەکانی خۆت دووەمە. بچینەوە بۆ وێنە گشتییەکە، رۆژئاڤا پێویستە لە بەهای خۆی تێبگات. ئەوەتا هەموومان چاودێریی دەکەین. فیشەکێک بە رۆژئاڤاوە دەنرێت، مووی گیانمان لێرەوە رەق دەبێت و دڵتەنگیی دەمانگرێت.
ئەمە تەنها لەبەرئەوە نییە ئێمە کوردین و ئەوانیش کوردن، بەڵکو لەبەرئەوەشە تەواوی ناوچەکە مۆدێلێکی باشتری حوکمڕانیی پیشان نەداوین. لە ئێستادا، رۆژئاڤا تاقە ئومێدی ئێمەیە دوای ئەوەی لە زۆر شتی تر نائومێد بووین. لە وێنە تاکەکەسییەکەشدا هەمان شتە: پێویستە لە بەهای خۆت لەناو تۆڕێکی گەورەی پەیوەندییدا تێبگەیت. کردار و رەفتاری تۆ بەهایەکی هەیە، دەشێت نائومێدکەر و دەشێت هیوابەخش بیت.
هەندێک جاریش ژیان نەرم و ئارام دەست پێ دەکات، کەچی ناخۆش کۆتایی دێت. سەیری ئەزموونی کوردستانی عێراق بکە، راماڵینی بەعس چەندین شەو و رۆژ ئاهەنگی بەدوای خۆیدا هێنا. وەک ئەوەی عەشقێک بێت تۆ خەونت لەسەر هەڵچنیبێت و لە پڕا خەبەرت بێتەوە وەهمێک بووبێت و هیچیتر، خەبەرمان بووەوە و هیچی تر نەبوو جگە لە دێوەزمە. شتێک دەکرێت فێر ببین ئەوەیە بە دەستپێکی پەیوەندییەکان و هەنگاوەکانمان فریو نەخۆین، کۆتایی بڕیاردەدات تۆ سەرقاڵی چی بوویت.
قسەیەک هەیە لە هەندێک رووەوە بە کەڵک نایەت، ئەویش ئەوەیە تا شکست نەهێنیت فێر نابیت. هەندێک شت هەن لە ژیاندا نابێت تاقیی بکەیتەوە، چونکە وەک ئەوەیە بکەویتە دەمی ئەژدیهایەکەوە. ئەگەر سەرت نەخوات، ئەوا زۆری دەوێت تا لە قوڕگی ئەژدیهاکە دێیتە دەرەوە.
خۆت لە دۆخێکدا دەبینیتەوە لای کەم چەند ساڵێک ژیانت گەڕاوەتەوە دواوە. دۆخی هەرێم و عێراق کتومت بەم جۆرەن. بۆ من و تۆش هەروایە: هەندێک جۆری عەشق، هەندێک جۆری هاوسەرگیریی، هەندێک جۆری کارکردن، یان هەندێک کاتی حەوانەوە و چیژبەخشیین (وەک کێشانی دەرمانی هۆشبەر) ئەزمونێکە پێویست ناکات بیبینی.
خەیاڵ توانای ئەوەی هەیە پێت بڵێت ئەوە رێگەیەکە کەرت و پەرتت دەکات. خۆ ئەگەر لە دەمی ئەژدیهایەکدای، ئەوە هیچی تر لەوە باشتر نییە تەحقیق لە خۆت و مێژووی ژیانت بکەیت.
لێرەدا دەکرێت قسە لەسەر یاسایەکی تری کۆمەڵایەتیی بکەین: مێشکت فێری هەر شتێک بکەیت ئەوەت بۆ دەهێنێت و دەکات، بە گریمانەی ئەوەی هەندێک هۆکاری بەهێزتر لە تۆ هەن کاریگەرییان نابێت. ئەگەر فێری شکستی بکەیت، شکست دەبێت بە بەشێک لە ژیانت. ئەگەر فێری سەرکەوتنی بکەیت، سەرکەوتن دەبێت بە نەریتی.
هەرێمی کوردستان نمونەی حاڵەتی یەکەمە و رۆژئاڤا نمونەی حاڵەتی دووەمە. هەمان شتیش بۆ من و تۆ راستە: هەمیشە بە خۆت بڵێ: "ئۆف...بەشی من هەر نەگبەتیی و داماویی و کەساسیی بوو"، سوتفەی لێ دەرچێت، زەحمەتە لەوە زیاتر بچنیتەوە. بەڵام دووجار لە شەپۆلەکانی رووباری ژیان بدە و بیبڕە، بزانە چۆن فێری سەرکەوتن دەبیت.
لات سەیر نەبێت ئەگەر بڵێم تا گەورەتر ببیت، ژیان خۆشتر دەبێت. هۆیەکە ئەوەیە تواناکانت (کاپاستیت) فراوان دەبێت و ئەو گرفتانەی ئەمڕۆ بەربەستی گەشەکردنتن و ژیانیان لێ تاڵ کردوویت، سبەی ئاسان باز دەدەیت بەسەریاندا.
مانەوە و تەواوکردنی رێگەی ژیان بڕیاری ئازایانەی دەوێت، ئومێدی دەوێت. ئایندە رەنگە بە تەلەفۆنێک، ئیمەیڵێک، نیگایەک لە کات و شوێنێکی سەیردا بتخاتە بەردەم دەرگای بەهەشتێکی چەند ساڵەوە.