هەرێم نیوز
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، سوودانی و ئەحمەد شەرع جەژنە پیرۆزەیان لەیەکدی کردووە و چەند بابەتێکیان تاوتوێ کردووە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە پەیوەندییەکەدا سوودانی پیرۆزبایی لە گەلی سووریا کردووە بەبۆنەی پێکهێنانی حکومەتی نوێوە و "هەڵوێستی نەگۆڕی عێراقی لە پشتیوانیکردنی بژاردەکانی گەلی برای سووریا" دووپاتکردووەتەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختیشی لە گرنگیی ئەوە کردووەتەوە کە "پڕۆسەی سیاسی هەموو لایەن و پێکهاتەکانی سووریا لەخۆبگرێت و ببێتە مایەی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ئاسایشی کۆمەڵایەتی، لەپێناو داهاتوویەکی ئارام و سەقامگیر بۆ سووریا و هەموو ناوچەکە."
نووسینگەکە دەڵێت، هەر لەو پەیوەندییەدا، محەممەد شیاع سوودانی "دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر خاکی سووریا رەتکردووەتەوە و پشتیوانیی عێراقی بۆ یەکپارچەیی خاک و سەروەریی سووریا دووپاتکردووەتەوە".
هاوکات باس لە گرنگیی هاوکاریی دوولایەنە لە رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی رێکخراوی داعش و پەرەپێدانی هاوکاری لە بوارە ئابوورییەکاندا کراوە.