هەرێم نیوز
ئیدارەی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پێکهێنانی حکومەتی نوێی دیمەشق ڕەتدەکاتەوە و داوای حکومەتێکی گشتگیر دەکات کە نوێنەرایەتی فرەچەشنی گەلی سووریا بکات.
لەدوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی سووریا، ئیدارەی خۆسەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەوان پابەندی ئەو بڕیارانە نابن کە لە حکومەتی سووریاوە دەردەچن. رەخنە لە حکومەتەکە دەگرێت و دەڵێت: "تاڕادەیەک وەک حکومەتەکەی پێشووترە."
ئیدارەی خۆسەر ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، ئەو سیاسەتانەی دەسەڵاتدارانی دیمەشق پەیڕەوی دەکەن، وڵات دەبەنەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم، کە حوکمڕانی لە ناوەنددا دەمێنێتەوە و پرۆسەی سیاسی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا ناکات.
رۆژی 29ی ئادار کابینەی نوێی حکومەتی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع راگەیێندرا. ئیدارەی خۆسەر ناڕەزایی لەوبارەیەوە دەربڕی و لە راگەیێندراوێکدا باس لەوە دەکات کە "هیوای سوریاییەکان ئەوە بوو حکومەتێکی گشتگیر دابمەزرێت. بەڵام حکومەتی دیمەشق رەچاوی فرەیی لە سوریادا نەکردووە."