هەرێم نیوز
ترەمپ هەڕەشە لە ئێران دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەگەر ئەو وڵاتە بە ڕێککەوتن ڕازی نەبێت، دۆخێکی خراپ ڕووی تێدەکات، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی تاران ڕایگەیاند وەڵامی نامەیەکی سەرۆکی ئەمریکای داوەتەوە کە داوای گفتوگۆی کردووە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: یان لەگەڵ ئێران گفتوگۆ دەکەین و ڕێک دەکەوین یان شتێکی زۆر خراپ بەسەر ئێراندا دێت زۆر خراپە، دەزانم چەندە خراپ دەبێت، بەڵام نامەوێت ئەوە ڕووبدات.
وتیشی: یەکەم بژاردەی من گەیشتن بە چارەسەرە لەگەڵ ئێران بەڵام ئەگەر ئەوە ڕووینەدا شتی زۆر خراپ چاوەڕێی ئێران دەکات و بەسەریدا دێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند لە نامەیەکدا بە فەرمیی وەڵامی نامەکەی ترەمپیان داوەتەوە کە بۆ ئێرانی ناردبوو و هەڵوێستی خۆیان لەسەر دۆخی ناوچەکە خستووەتەڕوو.
بە نێوەندگیری عومان گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی ئەمریکا و ئێران دەستیپێکردووە و ئەمریکا دەیەوێت لە ژێر زۆرترین فشاردا کە بەسەر ئەو وڵاتەیدا سەپاندووە، ئێران بهێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ، ئێرانیش ڕەتیدەکاتەوە لە ژێر فشاردا دانوستانی ڕاستەوخۆ بکات.