هەرێم نیوز
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند نیگەرانە لە "ناسەقامگیری" دۆخی تورکیا، بەتایبەتی دوای خۆپیشاندانەکان دژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ، وتیشی جەخت لە ئیرادەی واشنتۆن بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکەینەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، ڕوبیۆ لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی ئەمریکا دەیەوێت هاوکاری لەگەڵ ئەنقەرە بکات سەبارەت بە سوریا و پرسەکانی دیکە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا پەیوەندییەکی "زۆر باش"ی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیادا هەبووە. جەختیشی لەوە کردەوە کە واشنتۆن دەیەوێت ئەم پەیوەندییانە و هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە پرسە جۆراوجۆرەکاندا دەستپێبکاتەوە.
ڕوبیۆ هەروەها نیگەرانی خۆی لە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی تورکیا دەربڕی و وتی: چاودێری دۆخەکە دەکەین... نامانەوێت ناسەقامگیری لە وڵاتێکدا ببینین کە بە هاوپەیمانی ئێمە دادەنرێت.
جێی ئاماژەیە پاش دەستگیرکردنی سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ، خۆپیشاندان لە چەندین شاری تورکیا بەڕێوەچووە و تا ئێستا نزیکەی دوو هەزار کەس دەستگیرکراون.