هەرێم نیوز
ئەردۆغان رایدەگەیەنێت، کاتی ئەوە هاتووە دوور لە بەفیرۆدانی کات، پەکەکە گوێبیستی بانگەوازی ئاشتی بێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پەیامێکی بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزان بڵاوکردۆتەوە و ڕایگەیاندووە: "بەپێی نەخشەڕێگاکەیان بەردەوامن لەو کارانەی دەستیان پێکردووە بە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر".
لە پەیامەکەیەدا باسی لەوەش کردووە: "دەوڵەت ڕێگای دا بانگەواز بکرێت، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ڕێکخراوی چەکدار دوور لە بەفیڕۆدانی کات، گوێبیستی بانگەوازەکە بێت و چاوەڕێ دەکەن ڕێکخراوەکە خۆی هەڵبووەشێنێتەوە و بە تەواوەتی چەک دابنێت".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکردووە: "لەم ڕووەوە ئەوان خاوەنی کات و چاوەڕوانی بێسنوور نیین، پێویستە داواکاری بانگەوازەکە جێبەجێبکرێت، پێشهاتەکانی جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆیی، ژینگەیەکی گونجاوتر لە جارانی بۆ کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی پڕۆسەکە هێناوەتە ئاراوە".
لە کۆتایی پەیامەکەی ئەردۆغان دەڵێت، "کاتێک بە ئامانجەکەیان دەگەن، بە تەواوی وڵاتەکەیان لە بەڵایەکی خوێناوی و سەختی 40 ساڵە رزگار دەبێت".
پێشتریش وەزیری بەرگری تورکیا جەختی لەوە کردبووەوە کە "تورکیا لەگەڵ پەکەکە بەهیچ شێوەیەک ئاگربەست قبووڵ ناکات و دەبێت دەستبەجێ چەکەکانیان ڕادەست بکەنەوە، پێویست ناکات چیتر وشەی ئاگربەست لە لێدوانەکانیان بەکاربهێنن".