هەرێم نیوز
سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆ ببنەوە و بەر لە دیدارەکەیان، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ئەگەر هەیە لەبارەی رێککەوتنێکی هەمیشەیی گفتوگۆ بکەین.
ئەمرۆ دووشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند؛ "ئێمە لەگەڵ ئیسرائیل لەسەر زۆر بابەت کار دەکەین، یەک لەو بابەتانە ئەگەری رێککەوتنێکی هەمیشەییە لەگەڵ ئێران. ئێرانییەکان دەبێ دەستبەرداری هەموو ئەو شتانە بن کە هەموومان باش دەزانین چین".
سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە لە بەردەم میدیاکاران دووپاتی کردەوە کە هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، بووەتە هۆی لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە.
دۆناڵد ترەمپ گوتی؛ "سەرجەم بۆمبەکان ئامانجەکانیان پێکاوە و ئێران بۆ بەردەوامبوون لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی، دەبێ سەرلەنوێ لە شوێنێکی دیکەوە دەست پێ بکاتەوە، بۆیە بەکارهێنانی وشەی "لەناوبردن" کە بەکاری دەهێنم، وشەیەکی دروستە".
بڕیارە ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی، لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ کۆببێتەوە و ئەمەش دەبێتە سێیەم دیداری نێوان ئەو دوو سەرکردەیە لە ماوەی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا.