دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

هێرشە نوێیەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان شوێنە سەربازییەکان و چەند فەرماندەیەکیان کردە ئامانج

هەرێم نیوز

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەسۆشیەیتد پرێس، لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، هێزی ئاسمانی ئەمریکا بە هێرشی ئاسمانی قورس پێگەکانی حوسییەکان، سیستەمی بەرگری، شوێنە سەربازییەکان، کۆگاکانی چەک و ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنی ئەو گرووپەیان لە یەمەن کردە ئامانج و بەو هۆیەوە چەندین فەرماندەی حوسییەکانیش کوژران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، تا ئێستا ئاستی زیانەکانی ئەو هێرشانە و ژمارەی وردی قوربانییەکان نادیارە، بەڵام وا دیارە ژمارەی هێرشەکان بە بەراورد بە ڕۆژانی پێشووتر لە سەرەتای دەستپێکردنی هەڵمەتەکە لە 15ی ئادارەوە بەشێوەیەکی بەرچاو زیاتر بووە.

هەروەها لێکۆڵینەوەکانی ئەسۆشێتد پرێس دەریدەخەن کە ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی ئەمریکا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ فراوانترە لەو هێرشانەی کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی جۆ بایدن ئەنجامدراون.

ئەمجارەیان هێرشەکان لە تەنها ئامانجکردنی شوێنی هەڵدانی فڕۆکەکە تێپەڕیون و کەسایەتییە باڵاکان و هەروەها ناوچە شارییەکانیشیان لەخۆگرتووە.

ڕاپۆرتە سەرەتاییەکانی میدیاکانی حوسییەکان باس لەوە دەکەن کە لانیکەم 7 کەس لە هێرشەکانی ڕۆژی هەینی لە شاری سەنعا بریندار بوون. هەروەها هێرشەکانی سەرلەبەیانی هەینی ناوچەکانی دەوروبەری بەندەری حودەیدە لەسەر دەریای سوور، بنکەی سەرەکی حوسییەکان لە سەعدە و دامەزراوەکانی گروپەکە لە پارێزگاکانی جەوف، عەمران و مارب کردە ئامانج.

لە نێوان تشرینی دووەمی 2023 تا مانگی یەکی ساڵی 2024 حوسییەکان بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان زیاتر لە 100 کەشتی بازرگانییان کردە ئامانج و دوو کەشتییان نوقم کرد و چوار دەریاوانیش گیانیان لەدەستدا.

هەروەها چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا، هەرچەندە تا ئێستا هیچ کام لەو کەشتییانە زیانیان پێنەگەیشتووە.

یەمەن وڵاتێکە کە ماوەی 10 ساڵە خەریکی شەڕی یەمەن بووە و بە هەژارترین وڵاتی عەرەبی ناسراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP