هەرێم نیوز
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، کۆمیسیۆن هەموو ئامادەکارییەکانی خۆی تەواو کردووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی عێراق لە کاتی خۆیدا بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 25ـی 3ی 2025، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "پێشبینی دەکرێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا لە 25ـی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوە بچێت، چونکە هەموو نەخشە ڕێگاکان کۆمسیۆن بۆ ئەو ڕێککەوتە ئامادە کراون.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا کار لە سەر نوێکردنەوەی لیستی ناوەکان دەکەین و پێداچوونەوە بە کۆگەکان دەکرێت بۆ دڵنیابوون لە پێداویستییەکان و ئامێری دەنگدان کە زیاتر لە 200 هەزار ئامێر دابین کراون.
عیماد جەمیل، لە بارەی ئەو دەنگدەرانەی پەنجەمۆریان ناخوێنرێتەوە وتی: بۆ ڕۆژی دەنگدان ئامێری پێویست دابین کراون، بۆ ئەوەی ئەو دەنگدەرانە بتوانن دەنگ بدەن.
لە بارەی ژمارەی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق ڕایگەیاند، نزیکەی 28 ملیۆن کەس لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق مافی دەنگ دانیان هەیە، بە تایبەت بۆ ئەم ساڵ لە دایکبووانی 2007ـیش دەنگ دەدەن کە ئەوانیش ملیۆنێک کەس دەبن، پێشبینیش دەکرێت ژمارەکە زیاد بکەن، ئەگەر ئەو دەنگدەرانەی کێشەیان هەیە زانیارییەکانیان نوێ بکەنەوە و خۆیان تۆمار بکەن.
باسی لەوەش کرد، بۆ ئەم ساڵ هیچ گۆڕانێک لە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق ناکرێت و هەر 394 کورسی دەبێت.