هەرێم نیوز
وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا هەزار و 133 کەس دەستبەسەرکراون.
ئەمڕۆ دووشەممە، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، لە ناڕەزایەتییەکانی سەراچهانە لە ئیستەنبووڵ 123 ئەفسەری پۆلیس لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا برینداربوون.
ئاشکراشیکرد، هەروەها رێوشوێنی یاسایی لە دژی ئەو کەسانە بەردەوامە کە زیانیان بە موڵکی گشتی گەیاندووە و هێرشیان کردووەتە سەر پۆلیس.
ڕوونیشیکردەوە، لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا لە رۆژانی نێوان 19-23ـی ئاداردا هەزار و 133 کەس دەستبەسەرکراون.
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەشڵێت، لە چەند رۆژی رابردوودا هەندێک بازنە هەوڵیان داوە بە خراپ بەکارهێنانی مافی کۆبوونەوە و رێپێوانی خۆپیشاندان، رێکوپێکی گشتی تێکبدەن.