هەرێم نیوز
وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی بەشێک نییە لەوەی بە "میحوەری بەرخۆدان" ناسراوە، هۆشداریشیدا لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئەگەر لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا شکستیهێنا.
لێدوانەکانی فوئاد حسێن وەزیری عێراق هاوکات بوو لەگەڵ هەڵوێستی هاوشێوەی سەرکردەی حزبە عێراقییەکان کە داوای بەشداری نەکردن لە هەڵکشانی گرژییەکانی ناوچەکە دەکەن.
دوای دووبارە بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و غەززە، گەڕانەوەی حوسییەکان بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتیوانی لە دەریای سوور، گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران زیاتر بووە.
وەزیری عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی: عێراق بەشێک نییە لە بەرەی مقاوەمە، ئێمە تەنها باوەڕمان بە گۆڕەپانی عێراق هەیە.
فوئاد حسێن ڕوونیشیکردەوە، “دەستووری عێراق هەرچەشنە پێکهاتەیەکی چەکداری لەدەرەوەی چوارچێوەی دامەزراوەی سەربازی فەرمی قەدەغە دەکات، هەروەها ڕێگە نادات شەڕ لە دژی هیچ کەسێک ئەنجام بدرێت لەسەر بنەمای بڕیارێکی تاکەکەسی”.
فوئاد حوسێن هێرشیکردە سەر کوتلە چەکدارەکانی عێراق و وتی، "ئەوەی چەند مانگێک لەمەوبەر کردیان زیانی زۆری بە عێراق گەیاند و هیچ سودێکی بۆ دۆزی فەڵەستین نەبو".
ئاماژهی بهوهشكردوه، "دەرفەتێک هەیە بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ کوتلە چەکدارەکان بۆ ئەوەی ئەوان و عێراق لەو مەترسیانە بپارێزین کە دەکرێت لە ئەنجامی هێرشی سەربازی لایەنە دەرەکییەکان، وەک ئەمریکا یان ئیسرائیل دەربچن".
هۆشداریشیدا لەوەی “ئێران دەتوانێت ببێتە ئامانجی هێرشی ئیسرائیل ئەگەر نەتوانێت لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا بگەنە ڕێککەوتن”.
وتیشی: “ئەمە مانای ئەوەیە کارەساتێک بەسەر عێراق و ناوچەکەدا دێت”.
گرژیی و ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران زیاتر بوه، ئەوەش دوای دوبارە بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و غەززە و گەڕانەوەی حوسییەکان کە تاران پشتیوانییان لێدەکەن، بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتیوانی لە دەریای سور.