دواین هەواڵ

عێراق‌

 23 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەو پێنج کەسەی هاوڵاتییەکیان ڕفاندبوو دەسگیرکران

هەرێم نیوز
شانەی ئەمنی عێراق رایگەیاند، هاوڵاتییەکیان رزگار كردووە، كە خەڵکی قەزای شنگالە و ئەو پێنج كەسەی رفاندبوویان، دەستگیر كران

 ئەمڕۆ چوارشەممە 19.3.2025 شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراقلە راگەیاندراوێكدا ڕایگەیاند، “گرووپێکی نایاسایی هاوڵاتییەکیان لە قەزای شنگال رفاندبوو، بە بەکارهێنانی دوو ئۆتۆمبێل و بردبوویان بۆ شوێنێکی دیکە، بەڵام دەستبەجێ دوای رفاندنەکە، هێزە ئەمنییەكانمان لە فیرقەی 20ی سوپای عێراق و پۆلیسی شنگال و هێزەکانی دەستبەسەرداگرتن بە دوای دوو ئۆتۆمبێلەكە كەوتوون و رووبەڕووبوونەوەی چەكدارییش دروست بووە”.

ئەوەشی خستەڕوو: “لە کاتی راوەدوونانی ئەو کەسانەدا، ئەوان نارنجۆکێکیان بە یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی هێزە ئەمنییەکان تەقاندووەتەوە و لە ئەنجامدا چوار ئەندامی هێزەكە بە سووكی برینداربوون، هێزەكەش توانیوانە دووان لە رفێنەرەكان بریندار بكەن، كە یەكێكیان برینی سەختە، دواجار پێنج تۆمەتباریان لەوان دەستگیرکرد، کە بەشدارییان لە رفاندنەکەدا کردبوو”.

باسی لەوەشکرد، رێوشوێنی یاسایی پێویست بەرامبەر دەستگیرکراوان گیراوەتەبەر و رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کران، بۆ تەواوکردنی پەڕاوی لێکۆڵینەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP