هەرێم نیوز
سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە هۆشداری دەدات لە پێشڕەوەیکردنی زیاتری ئیسرائیل و گەیشتنی بۆ سەر سنووری عێراق، هەروەها ڕێنمایی نوێی بۆ "سەرایای سەلام" باڵی سەربازی رەوتەكەی دەركرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سەبارەت بە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، پێشتر دەمانزانی و هۆشداریمان دا لە دەرەنجامەکانی دۆخی غەززە و ناوچەکانی دیکە.
وتیشی، “دەرەنجامی بوونی دوژمنی زایۆنی لە ناوچەکەدا خێرنابێت و دۆخەکەی ئێستا دەبێتە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە فەڵەستین بفرۆشرێت”.
موقتەدا سەدر ڕاشیگەیاند ئیسرائیل “بە ئاسانکاری و یارمەتیدانی لێرە و لەوێ بەرەو خاکی ئیسلامی و عەرەبی زیاتر پەلدەهاوێژێ و بۆیە ئیسرائیل دەگاتە سنووری عێراق”.
ئەم پەیامەی سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کە تەنها دوێنێ زیاتر لە 400 کەس لەو هێرشانەدا کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون.
هاوکات، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی یاریدەدەری جیهادیی "سەرایای سەلام"، كە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویكردوەتەوە و تێدا دەڵێت، لە موقتەدا سەدرەوە رێنمایی بۆ سەرایا هاتوە و داوای لە لایەنگرەكانی كردوە كە واز لە لێدوانی تائیفی بهێنن، چونکە لێکەوتەی ترسناکی دەبێت و زیان بە عێراق و گەلەکەی دەگەیەنێت و برایەتی لە نێوان ئەندامانی بزوتنەوەکەدا دابمەزرێنن.
لە رێنماییەكانی سەدردا ئەوەش هاتووە، بەکارهێنان چەك و بەرزكردنەوەی لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق بە توندی قەدەغەیە، بەوپێیەی چارەنوسی نیشتمان و گەلەکەی لەلایەن تاک و گروپێکەوە دیاری ناکرێت.
وتوشیەتی: ئەگەر عێراق تووشی دوژمنكاری بوو، پێویستە بگەڕێنەوە بۆحەوزەو مەرجەعەكان و داناکان، نەگەڕێنەوە بۆ لای گەندەڵکاران و ستەمکاران.
رێنمایانەی سەدر لە کاتێکدایە، گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە سەریهەڵداوەتەوە، بەتایبەت دوای دەستپێکردنی هەڵمەتی سەربازیی ئەمریکا لە دژی حوسییەکان لە یەمەن، هەروەها کۆتایی هێنان بە ئاگربەستی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس و دەستپێکردنەوەی بۆردومانی قورسی کەرتی غەززە.
میدیا رۆژئاواییەکان لەم دواییانەدا هۆشدارییان دا لە تەشەنەسەندنی ململانێکانی ناوچەکە بۆ عێراق، بەتایبەتی دوای هۆشدارییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئێران سەبارەت بە پشتیوانیکردنی لە حوسییەکان.