دواین هەواڵ

ئابوری‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

پێشەوا هەورامانى: هەوڵدەدەین پێش جەژن مووچەی مانگی سێ دابەشبکرێت

هەرێم نیوز 

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، هەوڵدەدەن پێش جەژنى رەمەزان مووچەی مانگی ئازار مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دابەشبکرێت و ئەمڕۆش (12ی ئازار) لیستى مووچەى مانگى شوبات بڵاودەکرێتەوە، لەبارەی پرۆژەی رۆناکییەوە دەڵێت، "دەمانەوێت کۆتایى بە چیرۆکى نەبوونى کارەبا بهێنین".

ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی 3ی 2025، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەوڵدەدەن پێش جەژنى رەمەزان مووچەی مانگی ئازار مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دابەشبکرێت و ئەمڕۆش (12ی ئازار) لیستى مووچەى مانگى شوبات بڵاودەکرێتەوە. 

لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان هەورامانی وتی، هیچ ئاستەنگییەک لەبەردەم هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان نییە و بڕیارى ئەنجوومەنى نوێنەران لەسەر ئەو پرسە هەیە، هەروەها تێچووى دەرهێنانى هەر بەرمیلێک هەر لەلایەن ئەنجوومەنى نوێنەرانەوە دیارییکراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەرێمى کوردستان و تورکیا ئامادەییان دەربڕیوە بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت، بەڵام حکومەتى فیدراڵ تاوەکو ئێستا جددى نییە لە هەنگاونان بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت.

پێشەوا هەورامانی ئاماژەى بەوەشکرد، بڕیاربوو ئەمڕۆ (چوارشەممە 12ی ئازار) شاندى تەکنیکى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ لەسەر پرسى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان کۆببنەوە، بەڵام لەسەر داواى وەزارەتى نەوتى عێراق، ئەو کۆبوونەوەیە دواخراوە.

وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەبارەى پرۆژەى رووناکى و چارەسەرکردنى کێشەى کارەبا لە هەرێمى کوردستان جەختی کردەوە، حکومەت لە بابەتى پرۆژەى رووناکى چەند ئامانجێکى هەیە و دەیەوێت کۆتایى بە چیرۆکى 33 ساڵەى رابردووى نەبوونى کارەبا بهێنێت.

وتی، ئامانجیانە هاونیشتمانییانى هەرێمى کوردستان، ببنە خاوەنى کارەباى 24 کاتژمێریى بەبێ ئەوەى بارگرانییان لەسەر دروستببێت.

لەبارەى گرانیى نرخى کارەبا و ئەو رەخنانەى لە پرۆژەى رووناکى دەگیرێن، ئاماژەى بەوەکرد، ئەوانەى دژى پرۆسەکە قسەدەکەن چەواشەکارییە و حکومەت بەهیچ جۆرێک نایەوێت هاونیشتمانییان زەرەرمەندبن.

راشیگەیاند، ئامانجیانە لەرێگەى ئەو پرۆژەیەوە بەهەدەردان لە کەرتى کارەبا کەمبکەنەوە.

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، هەوڵدەدەن پێش جەژنى رەمەزان مووچەی مانگی ئازار مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دابەشبکرێت و ئەمڕۆش (12ی ئازار) لیستى مووچەى مانگى شوبات بڵاودەکرێتەوە.

پێشەوا هەورامانی ئەوەشی خستەڕوو، "مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرجەم وەزیرەکانی راسپاردووە، وەزارەتەکانیان لیستی مووچەی مانگی ئازار بەپەلە ئامادەبکەن و بۆ بەغدادی بنێرن".

ئاماژەى بەوەشکرد، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، وەزیرەکانى راسپاردووە لە رۆژانی پشوودا دەوام بکەن، بۆ ئەوەی هەوڵبدرێت پێش جەژن مووچەی مانگی ئازار دابەشبکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP