دواین هەواڵ

جیهان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

پزیشکیان: ناتوانین یاسای باڵاپۆشی جێبەجێ بکەین

هەرێم نیوز 

سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، "یاسای حیجاب کێشە بۆ خەڵک دروست دەکات." 

دوێنێ چوارشەممە، 5ـی 3ی 2025 محەممەدجەعفەر قائیم پەنا، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری جێبەجێکردن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی ،"ئەمڕۆ، سەرۆککۆمار جەختی لەوە کردەوە؛ ناتوانین یاسای باڵاپۆشی جێبەجێ بکەین، چونکە کێشە بۆ خەڵک دروست دەکات و من دژی خەڵک ناوەستمەوە." 

ئەوە لەکاتێکدایە رۆژی سێشەممە، 209 پەرلەمانتار نووسراوێکیان ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمان کرد و داوایان کرد یاسای باڵاپۆشی جێبەجێ بکات، ئەوان رایانگەیاند، بەهۆی جێبەجێنەکردنی یاساکە، رەخنەی زۆر ئاراستەی حکومەت دەکرێت، پێویستە سەرۆکی پەرلەمان بە زووترین کات جێبەجێکردنی یاساکە رابگەیێنێت.

پڕۆژەیاساکە لە 19ـی تشرینی یەکەم 2024 لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە پەسند کرا.

رۆژی یەکشەممە، 1ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەید مەهدی تەباتەبایی، جێگری بەرپرسی راگەیاندنی نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران دوای ناڕەزایەتی و کاردانەوەی خەڵک بەرامبەر یاسای باڵاپۆشی و داوێنپاکی، رایگەیاند حکومەت هەوڵدەدات گۆڕانکاری لە یاساکە دا بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاو بەرەو هەموارکردنەوەی یاساکە دەنێت.

بڕیارە، یاساکە بۆ ماوەی سێ ساڵ وەک تاقیکردنەوە جێبەجێ بکرێت.

بەپێی یاساکە، ئەوانەی پابەندی باڵاپۆشی نابن، سزای زیندانیکردن، پێبژاردن، قەدەخەی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات، قەدەخەی هەبوونی هەژمار بەناوی خۆیانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، رێگەگرتنیان لە کارکردن و بێبەشکردن لە مافە کۆمەڵایەتییەکانیان بەسەردا دەسەپێنرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP