دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

چەکی ئەتۆم دوا ئامانجی ئێرانە، هەرچەندە پەڕوباڵی کراوە

هەرێم نیوز

دواى گۆڕانکارییەکانى ناوچەکە، بەتایبەتى هەڵگیرسانى جەنگی 7ـى ئۆکتۆبەرى ساڵی 2023 و پاشان پەرەسەندنی جەنگەکە بۆ گەورەترین دوو هاوپەیمانى ئێران -حزبوڵاى لوبنان- و -حوسییەکانى یەمەن- سەرەڕای کوژرانى سەرکردە بەناوبانگەکانى حزبوڵا، بەڵام هێشتا هەر ئومێدێک لە ئارادا مابوو بۆ مانەوەى ئێران لەو سنوورەدا کە پێشتر پێی دەگوترا شام، بەڵام بە هەڵاتنی بەشار ئەسەد بەرەو شوێنێکى نادیار و رادەستکردنى سوریا بە ئەحمەد شەرع و هاوئاوازەکانى، ئیتر ئێران ئەو تۆزە ئومێدەش کە مابووى لەدەستیدا و هیلالی شیعەیەکەى بەینى تێکەوت و تا ئێستاش بۆی گرێنەدراوەتەوە.

دواى ئەوەى لە تۆڵەى کوژرانى ئیسماعیل هەنیە بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس لەتاران و کوژرانى نەسروڵا لە لوبنان، ئیتر ئێران بە مافى ئاسایی و یاسایی خۆی دەزانى هێرش بکاتەوە سەر ئیسرائیل و کردیشی، بەڵام وەک شارەزایان باسیدەکەن بە تەواوى ئامانجی نەپێکا، لەگەڵ ئەوەشدا ئیسرائیل وەڵامی خۆی دایەوە و ئەوجا باس لەوە دەکرا بەشێکی زۆر لە پرۆژە ستراتیژییەکانى ئێران کراونەتە ئامانج و لەو کاتەوە تا ئێستا لە لایەک کارەباى ئێران کێشەى هەیەو هەم ئاویشیان داویەتییە کزیی، کە ئەوەش دەرخەری ئەو راستیەیە کە کاریگەریی خۆی هەبووە. 

بەڵام ئەوەى لە ئێستادا ئاماژەى پێدەکرێت ئەوەیە دەزگاى هەواڵگریی ئەمریکا وا پێشبینى دەکات کە لە چەند مانگی داهاتوودا ئیسرائیل هێرشی ئاسمانى بکاتەوە سەر ئێران ،بەڵام شێواز و قەبارەى هێرشەکانی ئاشکرا نەکردووە و راشینەگەیاندووە ئاخۆ هێرشەکان بە تەنها لە لایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام دەدرێت یان ئەمریکاش بەشداریی تێدادەکات و بەشێک لەو ستراتیژییە جێەجێدەکات کە ترەمپ و ئیدارەکەى کاری بۆدەکەن ، حەمید رەزا عەزیزی توێژەر لە پەیمانگای ئەڵمانى بۆ توێژینەوەى نێودەوڵەتى و ئاسایش بە رادیۆ فەرداى رایگەیاندووە ئەم بابەتەى ئەمریکا وروژاندوویەتى پەیوەندی بەو مامەڵە دووفاقییەوە هەیە کە ئەمریکا دەیەوێت لەگەڵ ئێران بیگرێتە بەر لە لایەکەوە دەیەوێت دانوستانى لەگەڵ بکات لە بارەى پرۆژە ئەتۆمییەکەیەوە و لە لایەکی تریشەوە هەڕەشەى هێرشکردنە سەرى لێدەکات، رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە دواى ئەو زیانانەى کە ئێران لە گۆڕانکارییەکانى ناوچەکەدا کردوویەتى هیچ بژاردەیەکى دیکەى لەبەردەستدا نەماوەتەوە ئەوە نەبێت پرۆژە ئەتۆمییەکەى تەواوبکات کە بانگەشەى ئەوە دەکات تەنها بەمەبەستى ئاشتى بەکارى دەهێنێت،

ئاماژەى بەوەشکردووە ئێران چاوەڕێی هێرشێکى لەو شێوانەى پێشوو دەکات بکرێتە سەر وڵاتەکەى لە ماوەى شەش مانگی داهاتوودا بۆیە پەلەدەکات لە بەدەستهێنانى ئەو چەکە بەر لەوەى هیرشى بکرێتەوە سەر، ئیسرائیلیش لەسەر زاری بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانەکەى لە دانوستاندن لەبارەى ئەتۆمەوە لەگەڵ ئێران نیگەرانە و تەنانەت کێشەى لەگەڵ ئاژانسى وزەی ئەتۆم ئەوەیە کە پێیان وایە خاتری ئێران دەگرن و چاوپۆشى لێدەکەن، رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە نەتانیاهۆ لەوەش دەترسێت لە ناکاو ترەمپ هەموو شتەکان ئاوەژوو بکاتەوە و لەبەرژەوەندیی ئێران بڕیارێک بدات وەک ئەوەى لە ئەفغانستان کردیان و وڵاتەکەیان رادەستى تاڵیبان کردو هەرئەوەش لە سوریا محەمەد جۆلانییان کردە ئەحمەد شەرع.. لەگەڵ ئەوەشدا بەڕیوەبەرایەتی هەواڵگریی ئەمریکا جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئێران هەنگاوی جدی ناوە بۆ بەدەستهێنانى چەکی ئەتۆم ، بەڵام بەو زووانە ناتوانێت بگاتە کۆتاییەکەى و ببێتە وڵاتێکى خاوەن ئەتۆم.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP