هەرێم نیوز
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە(ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران) لەبارەی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، . لە چەند ڕۆژ پێشووترەوە، ڕووبەڕووی کەشێکی تەبلیغی و پڕوپاگەندە بووینەوە کە هەوڵی دەدا ڕای گشتی لەسەرئەم پەیامە چڕ بکاتەوە و گومانە گەشبینەکان سەبارەت بەم پەیامەپەرە پێبدات.
دەشڵێت، ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە تێکهەڵچوونە گرژەکان دەتوانێت کەشێکی لەبار بۆ پێشخستنی گفتوگۆکان دابین بکات. بەڵام پڕۆسەیەکی لەم چەشنە ناتوانێت سەرەتا بە قبووڵکردنی چەکدانان، هەڵوەشاندنەوەی حزب و لەدەستدانی هەموو ئامرازەکان بۆ مامەڵە و دانوستان ئەنجام بدرێت.
دەقی ڕاگەیەندراوی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە:
هەڵوێستی کۆمەڵە سەبارەت بە پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و دەرئەنجامەکانی لەسەر خەباتی خەڵکی کوردستان
ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی ڕەشەمە، پەیامێک لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە کاناڵەکانی تەلەڤزیۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتی و میدیاکانی سەرتاسەری جیهان بڵاوکرایەوە. لە چەند ڕۆژ پێشووترەوە، ڕووبەڕووی کەشێکی تەبلیغی و پڕوپاگەندە بووینەوە کە هەوڵی دەدا ڕای گشتی لەسەر ئەم پەیامە چڕ بکاتەوە و گومانە گەشبینەکان سەبارەت بەم پەیامە پەرە پێبدات. لەم پەیامەدا، ئۆجەلان بە ڕوونی داوا لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات کە خەباتی چەکداری وەلا بنێت و هەڵوەشاندنەوەی خۆی، وەک حزبێکی سیاسی، ڕابگەیەنێت. ڕۆژی دواتر، دەستبەجێ کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکانی تورکیا، بەتایبەتی کەناڵەکانی سەر بە حکومەت، پڕوپاگەندە ژەهراوییەکانی خۆیان لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان دەستپێکرد. ئەگەر لە لایەنە زۆر مشتومڕهەڵگرەکانی ئەم پەیامە تێپەڕین، هەرچەندە هێشتا هەڵسەنگاندنی ڕاستەقینەی کاریگەرییەکانی لەسەر بزووتنەوەی گەلی کورد بەتایبەتی لە تورکیا و سوریا زووە، بەڵام هەتا ئێرەش جەختکردنەوە لەسەر چەند خاڵێکی بنەڕەتی پێویستە.
١_عەبدوڵڵا ئۆجەلان زیندانییەکی سیاسییە. دەستگیرکردنی بەرهەمی پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی بوو کە ٢٦ ساڵ لەمەوبەر بە هاوکاری چەندین دەزگای هەواڵگری جیاواز ئەنجامدرا. لەم ماوە درێژەدا ناوبراو لە ژووری تاکەکەسی لە دوورگەی ئیمرالی بۆ ماوەیەکی زۆر سەرەتا لەژێر حوکمی لەسێدارەدان و پاشان زیندانی هەتاهەتایی ڕاگیراوە و جگە لە چەند حاڵەتێکی دەگمەن لە ساڵانی ڕابردوودا، تەنانەت ڕێگەی پێ نەدراوە چاوی بە بنەماڵەکەی یان پارێزەرەکانی بکەوێت. هەر کەسێک دوور یان نزیک ئاشنای بارودۆخی زیندانەکان و زیندانبانیی تورکیا بێت بەبێ شک دەزانێت کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەم ماوەیەدا چ ڕۆژگارێکی سەختی بەسەر بردووە. هیچ گومانێک نییە کە لانی کەم لەژێر گوشارێکی دەروونی زۆردا بووە کە سەربەخۆیی و تواناکانی سنووردار کردووە. ناوبراو تەنیا بەو ڕادەیە لەوەی کە لە دونیای دەرەوە ڕوودەدات ئاگادار کراوەتەوە، کە دەزگای ئاسایشی تورکیا (میت) بە پێویستی زانیوە. بەرگری لە مافە مرۆییەکانی ئۆجەلان وەک زیندانییەکی سیاسی و خەبات بۆ ئازادکردنی هەمیشە کارێکی پێویست و مرۆیی بووە و هەر هەیە. لەم چوارچێوەیەشدا ڕێبەرایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان و گەلی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست لە گۆشە و کەناری جیهان، هەوڵی گونجاو و بەرپرسانەیان بۆ بەرگری لە مافەکانی و هەوڵدان بۆ ئازادکردنی داوە. بەڵام ئەوەی کە ئێستا نەگونجاوە و تەنانەت دەتوانین بڵێین نابەرپرسانەیە، سپاردنی ڕێبەرایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان و بەرپرسیارێتی دیاریکردنی چارەنووسی بزووتنەوەی گەلی کورد لە تورکیا بە زیندانییەکی سیاسییە، ئەویش لە هەلومەرجێکدا کە ئۆجەلان تێیدایە. لەو کاتەوەی کە ئۆجەلان دەستگیرکراوە بە هیچ شێوەیەک لە دۆخێکدا نەبووە کە بتوانێت ڕۆڵێکی لەو چەشنە بگێڕێت. ئێمە وەک کۆمەڵە لە ماوەی ئەم ساڵانەدا چەندین جار ئەم خاڵەمان بیرهێناوەتەوە کە پاراستنی ڕێز، حورمەت و پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک زیندانییەکی سیاسی کە لەژێر توندترین گوشارەکاندایە، کارێکی مرۆیی و بەرپرسانەیە، بەڵام سپاردنی ڕێبەرایەتی سیاسی حزبێک و دیاریکردنی چارەنووسی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆز و خاوەن مێژوو بە ویستی کەسێکی زیندانی، کە لە سەرەتاییترین مافەکانی خۆی وەک زیندانییەک بێبەشە، نابەرپرسانەیە و بگرە زیانبەخشیشە. بۆ نموونە ئەو کارەی کە کۆنگرەی نیشتمانی ئەفریقا هەرگیز لەگەڵ نێڵسۆن ماندێلا نەیکرد. بە سەرنجدان بەوەی کە گوترا، ناتوانرێت هیچ بەرپرسیارێتییەک بخرێتە ئەستۆی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، وەک زیندانییەکی سیاسی بەو سنوورداربوونانەی کە ڕووبەڕووی بووەتەوە. تەنانەت ناتوانرێت ڕەخنە بگیردرێت لە ڕاگەیەندراوێک کە بە ناوی ئەوەوە لە ڕۆژی ٩ی ڕەشەمە بڵاوکراوەتەوە.
٢_ڕاستییە دیارەکان و بەڵگەکان دەریدەخەن کە دەوڵەتی تورکیا بە دەستپێکردنی ئەم پڕۆسەیە ئامانجی سەرکوتکردن و لەناوبردنی بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلی کوردستانی گرتووەتە بەر. ئامانجێک کە دەتوانێت بەشێک بێت لە سیاسەتێکی گشتیتر بۆ پەرەپێدان و چەسپاندنی پانتایی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئێستا چ لە ناوخۆی تورکیا و چ لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەم وڵاتە. لە هەلومەرجێکدا کە دەوڵەتی تورکیا پێداویستییەکانی بڵاوکردنەوەی پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستانی دابین کردووە، هەزاران زیندانی سیاسی بە تاوانی دەربڕینی بیروڕای خۆیان لە زیندانە ترسناکەکانی ئەم دەوڵەتەدا بە سزای درێژخایەن مەحکوم کراون و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرتاسەری تورکیادا ڕووبەڕووی سەرکوتی دامودەزگا ئەمنییەکان دەبنەوە. لە دەرەوەی سنوورەکان، دەوڵەتی تورکیا هێرشەکانی خۆی لە دژی گەلی کورد لە سوریا چڕتر کردووەتەوە و لەگەڵ پشتیوانیکردن لە گرووپە جیهادییەکان بۆ سەرکوتکردنی ئەم خەباتە، خۆی ڕاستەوخۆ بە بەکارهێنانی چەکی مۆدێرن و تەنانەت قەدەغەکراو، ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر ئەم ناوچانە. لە هەمان کاتدا لە ڕێگەی ئەو کاریگەرییەی کە لەسەر حاکمە نوێیەکان لە دیمەشق هەیەتی هەوڵ دەدات بەدیهاتنی سەرەتاییترین مافەکانی گەلی کورد لە سوریا پشتگوێ بخرێت. هاوکات ناوچەیەکی بەرفراوانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ چەندین ساڵ داگیرکردووە و دژایەتی هەر چەشنە پێشکەوتن و سەربەخۆییەکی ئەم ناوچەیە دەکات. هەموو ئەم بەڵگانە دەربڕی ئەو ڕاستییەن کە سروشتی دەوڵەتی تورکیا چارەسەری دیموکراتیانەی پرسی کورد لە ڕێگەی گفتوگۆی بنیاتنەرەوە، کە تێیدا خواست و داواکارییە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بەدی بێن، قبووڵ ناکات. لە هەمان کاتدا هەلومەرجی ناوچەیی و جیهانی و هاوسەنگی هێزی ئێستا ئەوەمان پێ ناڵێت کە دەوڵەتێکی ستەمکاری وەک دەوڵەتی تورکیا بە قبووڵکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان ڕازی دەبێت. بەهێزبوونی دەوڵەتەکان و گرووپە فاشیست و ڕاستڕەوە توندڕەوەکان لە زۆرێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان، چڕبوونەوەی کێبڕکێی زلهێزە جیهانییەکان و زۆربێژییان لە بەرامبەر هێزە بچووکترەکان و بزووتنەوە پێشکەوتووەکان، ڕووخانی دەوڵەتی ئەسەد و هاتنە سەرکاری ڕژێمێکی سەر بە دەوڵەتی تورکیا لە سوریا و پەرەسەندنی کێبڕکێ ناوچەییەکان لەوانە دەوڵەتانی ئیسرائیل، ئێران، عەرەبستانی سعودی، میسر، عێراق و تورکیا، هەمووی ئاماژەن بۆ پڕۆسەیەکی نادیموکراتی و دژە ئازادیخوازی لە جیهان و ناوچەکەدا. کەواتە دیار نییە لە نێو ئەم پڕۆسە پاشەکشێکردووەی دیموکراسی و ئازادیخوازی و پەرەسەندنی توندڕەوی دەوڵەتی، بۆچی تەنیا لە پرسی کورددا دەوڵەتی ستەمکاری تورکیا بە چارەسەرێکی دیموکراتیانەی پرسی کورد لە تورکیا ڕازی دەبێت؟
٣_پێدەچێت کە دەزگای ڕێبەرایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سیاسەتەکانی خۆیدا کردبێت. بەڵام لە بەرنامەیدایە بەرپرسیارێتی ئەم گۆڕانکارییە سیاسییە لە ئەستۆی خۆی هەڵبگرێت و بیخاتە سەرشانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی زیندانی. لە ڕوانگەی شیکردنەوەیەکی لەم چەشنەوە، گۆڕانکاری سیاسی پارتی کرێکارانی کوردستان زیاتر جێی بایەخە، نەک پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان. لە ڕوانگەی ئێمەوە ئەگەر ئەم گۆڕانکارییە بە مانای چوونە ناو پڕۆسەیەکی سیاسی گفتوگۆی ئاشکرا و شەفاف لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردەوە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بێت، دەتوانێت بە قازانجی خەباتی مافخوازانەی گەل لە کوردستانی تورکیا بێت. بە سەرنجدان بەو ئەزموونە دەوڵەمەندانەی کە لەم بوارەدا هەیە، و بە سەرنجدان بەوەی کە پرسی کورد ڕەنگدانەوەیەکی جیهانی پەیدا کردووە، ئەم پڕۆسەیە دەتوانێت لە ناوەندی باس و مشتومڕەکان و سەرنجەکاندا بێت. لەم پەیوەندییەدا ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە تێکهەڵچوونە گرژەکان دەتوانێت کەشێکی لەبار بۆ پێشخستنی گفتوگۆکان دابین بکات. بەڵام پڕۆسەیەکی لەم چەشنە ناتوانێت سەرەتا بە قبووڵکردنی چەکدانان، هەڵوەشاندنەوەی حزب و لەدەستدانی هەموو ئامرازەکان بۆ مامەڵە و دانوستان ئەنجام بدرێت. کەواتە ئەگەر گۆڕانکاری سیاسی پارتی کرێکارانی کوردستان، بە مانای قبووڵکردنی هەموو خواستەکانی دەوڵەتی تورکیا و قبووڵکردنی جۆرێک لە خۆبەدەستەوەدانی بەبێ مەرج بێت، ئەوکات ڕووبەڕووی سیاسەتێکی تەسلیم خوازانە دەبینەوە کە زیان و دەرئەنجامی قەرەبوونەکراوەی بۆ خەباتی مافخوازانەی گەلی کوردستان لە تورکیا بەدوای خۆیدا دەهێنێت و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر بەشەکانی تری کوردستانیش حاشاهەڵنەگر دەبێت. بە سەرنجدان بەوەی کە کادری ڕێبەرایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان سیاسەتمەداری بە ئەزموونن وە گەرم و ساردی ڕۆژگاریان چەشتووە،ئەنجامدانی ئەگەری گۆڕانکارییەکی لەم چەشنە ناتوانرێت حیسابی بی ئەزموونیی ئەوانی بۆ بکرێت، یان ئەوەی کە زیندانییەکی سیاسی ئازاردیتوو و گۆشەگیرکراو بە بەرپرسیاری گۆڕانکارییەکی مێژوویی لەم چەشنەی بزانرێت. لەبەر ئەوە، وەڵامی ئەوەی کە بۆچی گۆڕانکارییەکی سیاسی، لەوانەیە تەسلیم خوازانە ڕوویداوە، دەبێت لە شوێنێکی تردا بەدوایدا بگەڕێین.
٤_لە بزووتنەوەی کوردستاندا بەداخەوە ئێمە هەمیشە ڕووبەڕووی گۆڕانکاری و سوڕانی سیاسی بەردەوام و بێ بەرهەمی ئەو ڕەوتانە بووینەتەوە کە ملکەچی، کۆنەپەرستیی زاڵ و حاکم بەسەر وڵاتانی پەیوەندیدار و بەسەر جیهانی ئەمڕۆدا بوون. ئاسۆی کورتی ئەم ڕەوتانە ئەوانی بەرەو سازش بەبێ بەدیهێنانی داخوازییەکانی گەلی کوردستان ڕاکێشاوە و بەبێ سەرنجدان بە سروشتی دەوڵەتە ناوەندییەکان و ئەگەری مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان لەگەڵ ئەم دەوڵەتانەدا، چوونەتە ناو هاوکاری، گفتوگۆ و تەنانەت هاودەستیشەوە. ئەم ڕەوتانە، کە دەتوانرێت بە ناوی «ڕەوتی ڕاست» ناوببرێن، بە پشت بەستن بە ڕێککەوتنە سیاسییەکانی نێوان حزبەکان لەگەڵ دەوڵەتە ناوەندییەکان، نەک دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی ژێردەستەی کوردستان و لە سەرووی هەموویانەوە ئەو بەشەی گەل کە زۆرترین زیانی لە ستەمی نەتەوەیی بینیوە، لەگەڵ ڕژێمە ستەمکارەکاندا چوونەتە ناو دانوستانەوە. دانوستانێک کە نەک هەر بێ بەرهەم بووە بۆ خەباتی گەلی کورد، بەڵکو هەندێک جار بووەتە هۆی لاوازکردنی پێگەی ئەم حزبانەش. لە هەلومەرجێکدا کە کۆمەڵگەکانی بەشە جیاوازەکانی کوردستان، سەرەڕای جیاوازییەکانیان، لە چین و توێژی جیاواز پێک هاتوون و ستەمی نەتەوەیی و سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتە ناوەندییەکان بە هەمان شێوە و بە یەک ڕادە گوشار ناخاتە سەر هەمووان، دەستپێکردنی هەر پڕۆسەیەکی سیاسی، دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی کرێکاران و هەژاران و بێبەشانی ئەم کۆمەڵگایانە، کە قوربانیانی سەرەکی ستەمی نەتەوەیین، مەحکومە بە شکست. هەر ئەم ڕاستییە چینایەتیەیە کە ئێستا،حزبە جیاوازەکان بە جیاوازی بەرنامەیی، سیاسی و ستراتیژییەوەی لێکەوتووەتەوە کە هەریەکەیان بە پشت بەستن بە بنەمای چینایەتی خۆی، چارەسەر بۆ نەهێشتنی ستەمی نەتەوەیی دادەڕێژێت. گۆڕانکارییەکانی حزبە ڕاستەکان لە بزووتنەوەی نەتەوەی کورددا هەمیشە بەرژەوەندییەکانی گەلی کرێکار و زەحمەتکێشیان، کە قوربانیانی سەرەکی ستەمی نەتەوەیین، پشتگوێ خستووە و هەر بەم هۆیەشەوە سیاسەتەکانیان هیچ کات نەیتوانیوە ببێتە هۆی چارەسەری کردەیی ستەمی نەتەوەیی. بە سەرنجدان بەم ڕاستییە، هیچ سیاسەتێک یان گۆڕانکارییەکی سیاسی کە بەرژەوەندییەکانی کرێکاران و هەژارانی کوردستان نەکاتە ئەساسی خۆی، ناتوانێت چارەسەری ستەمی نەتەوەییشی لەگەڵدا بێت.
٥_لە بەرامبەر ڕەوتە سیاسییە ڕاستەکاندا، ڕەوتە چەپ و سۆسیالیستەکان هەمیشە ئامادەبوونێکی بەرچاویان لە بزووتنەوەی نەتەوەی کورددا هەبووە.جیلە نوێیەکان لەوانەیە بیریان نەیەتەوە، بەڵام سۆسیالیزم لە ڕووی مێژووییەوە لە لای حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کورد ڕێزێکی زۆری لێگیراوە، بە شێوەیەک کە تەنانەت ڕەوتە ناسۆسیالیستەکانیش لە بزووتنەوەی کوردستاندا بۆ بەدەستهێنانی ڕێز خۆیان وەک شوێنکەوتووی سۆسیالیزم ناساندووە. دیارە بەو گۆڕانکارییانەی کە لە دوای ڕووخانی دیواری بەرلین ڕوویاندا، ئەم ڕەوتانە تەنانەت لە خۆنواندن بە سۆسیالیست بوونیش دەستیان هەڵگرت و لە دوای ئەوە بە شێوەیەکی ئاشکرا ڕێگەی گۆڕانکاری بەرەو ڕاستیان هەڵبژارد و پەیوەندییان بەو پڕۆژانەوە کرد کە لە لایەن دەوڵەتە چەوسێنەرەکانی گەلی کوردستانەوە داڕێژرابوون. لە سازشکردن لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات لەگەڵ دەوڵەتە ناوەندییەکانەوە بگرە هەتا هیوابەستن بە سیاسەتەکانی زلهێزە جیهانییەکان بۆ گۆڕینی ڕژێمەکان لە ناوچەکەدا، لە بێ بەها نیشاندانی خەباتی چەکداری لە کاتی خۆیدا بگرە هەتا سەرکێشی بێ کات و ناتەندروست و ڕووننەکراوەی چەکداری، لە دروشمی خەیاڵی «کوردستانی گەورە»، بەبێ ستراتیژییەکی ڕوون بۆ بەدیهێنانی، هەتا دروشمە ناڕوونەکانی «فیدراڵیزم» و «کۆنفیدراسیۆنی دیموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست»، لە چڕکردنەوەی نابەوەختی خەباتی چەکدارییەوە بگرە هەتا سیاسەتی ناڕوونی ئامادەبوون لە پەرلەمان و مەجلیس لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمە چەوسێنەرەکانی گەلی کوردستان و هاوڕابوون لەگەڵ بەناو باڵی «ڕیفورمخواز»ی ئەم ڕژێمانە، هەمووی نیشاندەری بێ ئاسۆیی حزبە ڕاستەکانە لە خەباتی نەتەوەی کورددا.
٦_بە سەرنجدان بەوەی کە پرسی نەتەوەیی کورد یەکێک لە پرسە چارەسەرنەکراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێک دەهێنێت و بە سەرنجدان بەوەی کە خەباتی گەلی کوردستان لە بەشە جیاوازەکانیدا کاریگەری لەسەر یەکتر دادەنێن، پێویستە پێشهاتەکانی ئێستا لە تورکیا و ئەو بەشەی کوردستان لە ڕوانگەی خەباتی گەلی کوردستان لە ئێرانیشەوە سەرنجی بدرێتێ. ئەمە لەو ڕووەوە گرنگە کە گۆڕانکاری ئەگەری سیاسی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەگەر لە بەرژەوەندی گەلی کوردستاندا نەبێت، دەتوانێت ڕاستەوخۆ کاریگەری نەرێنی لەسەر خەباتی گەلی کوردستانی ئێران، و بێگومان بەشەکانی تری کوردستانیش، دابنێت. هەرچەندە لە ڕووی مێژووییەوە بزووتنەوەی کوردستان لە لایەن ڕەوتە سیاسییە ڕاستەکانەوە ڕێبەرایەتی و ئاراستە کراوە، بەڵام لە کوردستانی ئێران لە دوای ڕاپەڕینی ١٣٥٧ی هەتاوی، کۆمەڵە وەک ڕەوتێکی سۆسیالیست پێگەیەکی گرنگی لە ڕێبەرایەتی بزووتنەوەی گەلی کوردستان بۆ نەهێشتنی ستەمی نەتەوەیی پەیدا کرد و لۆژیکی خەباتی لەم ناوچەیەدا بۆ هەمیشە گۆڕی. بە تێپەڕبوون لە ستەمی نەتەوەیی وەک تەنیا پرسێکی کولتووری و زمانی، کۆمەڵە توانی ئاسۆیەکی نوێ لە خەباتی گەلی کوردستانی ئێراندا بناسێنێت و بیچەسپێنێت کە بە پێی ئەوه بەدواداچوونی داواکارییە ئابووری، خۆشگوزەرانی و دیموکراتیکەکانی کرێکاران و چینە زەحمەتکێشەکان، ژنانی ستەملێکراو و گەنجانی کۆمەڵگا بەشێکی دانەبڕاو لە هەوڵی جدی بۆ نەهێشتنی هەر چەشنە ستەمێک، لەوانە ستەمی نەتەوەیی، ناسرا. بەدواداچوونی بەرژەوەندییە چینایەتییەکان و دانانی لە چەقی خەباتی گەلی کوردستاندا، مانایەکی نوێی بە خەبات بۆ نەهێشتنی ستەمی نەتەوەییش بەخشی و کۆمەڵەی کردە جدیترین و بەردەوامترین هێزی سیاسی لەم بوارەدا. سووربوون لە خەبات بۆ نەهێشتنی ستەمی چینایەتی، هاوشان لەگەڵ سووربوون لە خەبات بۆ نەهێشتنی ستەمی نەتەوەیی و پەیوەندانی سرووشتی نێوانیان، نەریتێکی نوێی لە خەباتی گەلی کوردستاندا دروست کرد کە ڕادیکاڵیزمی سیاسیی، لە هەموو بوارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا بەدوای خۆیدا هێنا. نەریتێک کە ڕاپەڕینەکان و بزووتنەوە پێشکەوتووەکان، لەوانە بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» یەکێک لە دەرئەنجامە بەرچاوەکانیەتی. لە ڕوانگەی ئێمەوە، سەرەڕای دەرئەنجامەکانی گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ئێستا لە کوردستانی تورکیا و دەرئەنجامە کردەییەکانی گۆڕانکاری سیاسی پارتی کرێکارانی کوردستان، ئەم نەریتی خەباتە لە کوردستانی ئێراندا دەبێت بەهێز بکرێت و لەم ڕێگەیەوە دەرئەنجامە نەرێنییەکانی ڕووداوەکانی ئێستا پووچەڵ بکرێنەوە. بێگومان کۆمەڵە وەک هێزێکی ئینتەرناسیۆنالیست و هێزێک کە پرسی کورد لە ڕەهەندی ناوچەییەکەیدا دەبینێت، بە وردی و بەرپرسیارێتییەوە بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکانی دەکات و بە ئەرکی خۆی دەزانێت هاوپشتیی گەلی کوردستان لە بەشە جیاوازەکاندا بەهێز بکات و پەیوەندی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ستەملێکراو پتەوتر بکات.
٧_ڕوو لە گەلی خەباتگێڕی کوردستان، کرێکاران، ژنان و گەنجانی ستەملێکراو و هەموو ئەوانەی کە لە ماوەی ئەم خەباتەدا ئازارێکی بێ وێنەیان چەشتووە دەڵێین، بەبێ شک ڕێگەی پێشڕەوی بەرەو کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان، کۆمەڵگایەک لەسەر بنەمای هاوپشتی و بە دوور لە ستەمی نەتەوەیی و هەموو شێوازەکانی تری چەوساندنەوە، ڕێگایەکی پڕ پێچ و پەنایە کە لە هەر پێچێکیدا ڕووبەڕووی هێزی چینە چەوسێنەرەکان و دەوڵەتە سەرکوتکەرەکان دەبینەوە. کەس بەڵێنی پێ نەداوین کە ڕێگای ئازادی کورتە، و هیچ خەباتکارێکی جدی بە مسۆگەرکردنی سەرکەوتن لە هەر ئەمڕۆدا دەست بە خەبات ناکات. لە کۆنفرانسی لۆزانەوە هەتا ئێستا، کە ئێستا کەم و زۆر سەد ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی دەوڵەتە مۆدێرنەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووبەڕوو بووینەتەوە. لەم مێژووەدا نەتەوەی کورد خەباتێکی بێ وچانی لە دژی بێ مافی و ستەمی نەتەوەیی و باشترکردنی ژیانی ئابووری و ئازادییە سیاسییەکان بەڕێوە بردووە. لە ماوەی ئەم خەباتەدا ڕێکخراوە سیاسییەکان هاتوونەتە گۆڕەپانی خەباتەوە و تاقی کراونەتەوە و لە درێژەشدا هەر وا دەبێت. بەڵام چارەنووسی خەباتی نەتەوەی کورد بە سەرهەڵدان و داکشانی ڕێکخراوە سیاسییەکان دیاری ناکرێت، کە ئامادەبوونی بەردەوام و جەماوەریی نەتەوەی کورد لە گۆڕەپانی خەباتدا دیاری کردووه. ئامادەبوونێکی خەباتگێڕانە کە لە ڕوانگەی ئێمەوە لەمەودوا، وەک ڕابردوو، تەنیا بە ئاسۆیەک، سیاسەتێک و شێوازی خەباتێکی وەرگیراو لە جیهانبینی سۆسیالیستییەوە دەتوانێت بە کەمترین تێچوو و لە کورتترین ماوەی مومکیندا بە ئەنجام بگات.
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە
ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران
یەکەمی مارسی ٢٠٢٥
١١ی ڕەشەمەی ١٤٠٣