دواین هەواڵ

کوردستان‌

 17 کاتژمێر پێش ئێستا

دەمیرتاش: ئەم جارە چەكەكان بێدەنگ دەكەین

هەرێم نیوز

سەلاحەدین دەمیرتاش داوا لەکورد و تورک دەکات، لایەنگری ئاشتی بن ‌و کۆتایی بەشەڕ بهێنن، رایدەگەیەنێت، هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ ئەوەی ئەم سێ سەرکردەیە" ئەردۆغان‌و باخچەلی‌و ئۆجەلان" کە دەستپێشخەرییان کرد بۆ ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ‌و ئاشتی مێژوویی کورد - تورک، سەرکەوتووبن.

لەوتارێکدا، سەلاحەدین دەمیرتاش بڵاویکردەوە، ئەو هەوڵە نوێیە کە بەدەستپێشخەری دەوڵەت باخچەلی‌و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ‌و عەبدوڵا ئۆجالانە و یەکەم نۆبەرەی خۆی لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزاندا بەدیهات، کەسانێک هەن متمانەیان بەو سەرکردانە هەیەو هەریەکەیان بەهێزترین کەسایەتییە لەنێو ئەو گروپانەی کە نوێنەرایەتیان دەکەن، کەسانێکیش هەن متمانەیان پێیان نییەو نیگەرانن .

دەمیرتاش پێیوایە، ئاشتییەکی بەردەوام تەنیا لەڕێگەی پڕۆسەیەکەوە بەدەست دێت کە زۆرینەی کۆمەڵگا متمانەی پێ بکات‌و باوەڕی پێ بکات‌و لەناخی دڵەوە پشتگیری بکات و دەڵێت: دەمانەوێت شەڕ و چەک و توندوتیژی و تیرۆر و خوێن و فرمێسک و مردن و ماڵوێرانی کۆتایی پێبێت. دەمانەوێت کۆتایی پێبێت؟! بێگومان بەمەرجێک هەموو ژێرخانی یاسایی و سیاسی پێویست لەسەر زەمینەی ئەنجومەنی گەورەی نیشتیمانی تورکیا دامەزرابێت.

ئاماژە بەوەشدەدات، خوای گەورە تەمەنێکی درێژو تەندروست بەئەردۆغان‌ و باخچەلی ‌و ئۆجەلان ببەخشێت، هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ ئەوەی ئەم سێ سەرکردەیە کە دەستپێشخەرییان کرد بۆ ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و ئاشتی مێژوویی کورد-تورک، سەرکەوتوو بن.

دەشڵێت "نامەوێت نەبرا سەربازەکەم لەگابارو نەبرا گەریلاکەم لەقەندیل بکوژرێت، پێویستە هەردووکیان واز لەتەقەکردن لەیەکتر بهێنن، سەرەتا با وەک تورک و کورد یەکتر لەباوەش بگرن بەڕێزی هەزار ساڵەوە، ئەوەی تر خەباتی سیاسییە، ئەوەیان کاری ئێمەی سیاسەتمەدارانە".

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP