هەرێم نیوز
دوای دەمەقاڵێی توندی دوێنێ شەوی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کاردانەوەی نێودەوڵەتیی زۆری لێ کەوتەوە.
ئەمانەش بەشێکن لەو کاردانەوانە:
• ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا و ئەنتۆنیۆ کۆستا سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتیی ئەوروپا بۆ زێلێنسکی: "بەتەنها نابیت، بوێر و بەهێز و خۆڕاگر بە. بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵت لەپێناو ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی".
• ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا: "ڕووسیا دەستدرێژکارە و ئۆکراینای دەستدرێژیی کراوەتە سەری، ئێمە لەسەر حەق بووین لە یارمەتیدانی ئۆکراینا و سزادانی ڕووسیا بەر لە 3 ساڵ".
• دۆناڵد تۆسک، سەرۆکوەزیرانی پۆلەندا: "زێلێنسکی ئازیز و دۆستانی ئۆکراینا ئێوە بەتەنها نین".
• پیدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا: "ئۆکراینا، ئیسپانیا شانبەشان لەگەڵتایە".
• ئۆلاف شۆڵتەز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا: "ئۆکراینا دەتوانێت پشت بە ئەڵمانیا ببەستێت".
• دێک شۆف، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا: "پشتیوانیی هۆڵەندا بۆ ئۆکراینا نەگۆڕە بەتایبەتی لە ئێستادا.".
• جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا: “پێویستە بەپەلە لووتکەی ئەوروپا و ئەمریکا ڕێک بخرێت”.
• کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا: "هەموو شتێک دەکەین بۆ ئەوەی ئۆکراینا بگات بە ئاشتی".
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا: “زێلێنسکی گاز لەو دەستە دەگرێت کە خواردنی پێ دەدات".
ئەمەش لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، گرژی لەنێوانیان دروست بوو و بە توندی وەڵامی یەکتریان دایەوە.
سەرۆکی ئەمەریکا، بە سەرۆکی ئۆکرانیای ڕاگەیاند: هەڵوێستێکی باشت نییە و لە هیچ پێگەیەکدا نیت، هەروەها هیچ کارتێکی فشارت نییە.
هەروەها وتی: "تۆ پێمان مەڵێ چی بکەین و چۆن هەست بکەین، ئێمە دەزانین چۆن کێشە چارە بکەین، ئێمە هەستێکی بەهێزمان هەیە."
گواستنەوەی دیمەنی مشتومڕی ترەمپ و زێلێنسکی لە کۆشکی سپی، میدیا جیهانییەکانی تەنی و کاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا، لەلایەن خۆیەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، ڕووسیا دەستدرێژکارە و دەبێت ڕێز لەو کەسانە بگیرێت، کە لە سەرەتاوە شەڕیان کردووە.
هەروا کۆشکی سپی ئاشکرای کردووە، زێلێنسکی لەم سەردانەیدا ئامادە نەبووە ئیمزا لەسەر ڕێککەوتننامەی پێدانی کانزای ئۆکرانیا بە ئەمەریکا بکات.
هەر بەهۆی ئەو مشتومڕە توندەی ڕوویدا، دوور لە پرۆتۆکۆڵی میوانی و سیاسیی بەبێ بەستنی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی، کۆشکی سپی بەجێهێشێت.
لە نێو میدیای ئەمەریکادا، فۆکس نیوز لە زاری سەرچاوەیەک لە کۆشکی سپی بڵاویکردووەتەوە، کە ترەمپ بە شەق زێلێنسکی لە کۆشکی سپی دەرکردووە.
لە دوای جێهێشتنی کۆشکی سپی، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس سوپاسی ئەمەریکای کردوو بۆ پشتگیرییانەی تاوەکوو ئێستا پێشکەشی کیێڤی کردووە و دەڵێت: ئۆکرانیا پێویستی بە ئاشتییەکی هەمیشەی هەیە.