هەرێم نیوز
دوای بانگەوازەكەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ چەكدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا یەكەم پەیامی بڵاوكردەوە و دەڵێت، قۆناغێكی نوێ لە توركیا دەستیپێكردووە.
ئەردۆغان ئەمڕۆ هەینی لە ئیستەنبووڵ قسەی کرد و رایگەیاند "کەسانێک هەن نایانەوێت کێشەکانمان چارەسەر ببن." وتیشی، دەبێت لە بەرامبەر تێکدانی وڵاتەکەیان هۆشیار بن.
وتیشی، سەرکەوتنی 85 ملیۆن کەس لە وڵاتەکەیان بەدەستدەهێنن.
ئاماژەی بەوەشدا، 40 ساڵە تیرۆر گەورەترین بەربەست بووە، ئێستا چووینە قۆناغێکی نوێ.
ئەردۆغان راشیگەیاند: دەرفەتێكمان لەپێشە بۆ هاویشتنی هەنگاوێكی مێژوویی بۆ ڕووخاندنی دیواری ئەو تیرۆرەی كە چەندین ساڵە لەنێوان برایانمان دروستكراوە.
دەشڵێت: ئەركی سەرەكیمان؛ دروستكردنی كەشێكی ئارام و لەخۆگرتنە، بەجۆرێك هیچ كەس هەست بە دوورەپەرێزی نەكات، نیەتێك خێربێت پشتیوان بە خودا كۆتاییەكەشی خێر دەبێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای بڵاوبوونەوەی پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بە چەكدانانی پەكەكە و هەڵوەشاندنەوەی، كاردانەوەی گەورەی جیهانی و ناوچەیی لێكەوتەوە و لەسەر ئاستی جیهان پێشوازیی ئەرێنی لێكرا بۆ زیاتر سەقامگیربوونی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.