هەرێم نیوز
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایدەگەیەنێت، حکومەتی ئێران بۆ "پاراستنی نفوزی خۆی لە عێراق و سوریا"، باجێکی زۆر زیاتری داوە لەوەی کە بەدەستی هێناوە.
هاکان فیدان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی کەناڵی جەزیرە کە ڕۆژی هەینی بڵاوکرایەوە وتی "کاتێک قاسم سولەیمانی لە ژیاندا بوو، من ئەمەم بە خۆی وت. بەڵام من باوەڕم وایە کە ئێران وانەی گەورەی لە پێشهاتەکانی ئەم دواییە لە سەردەمی نوێدا وەرگرتووە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا بە ئاماژەدان بەو مەسەلەی کە دەبێ ناوچەکە لە "کلتووری هەژموونی وڵاتێک بەسەر ئەوانی دیکەدا" ڕزگار بکرێت، وتی "نە عەرەب، نە تورک، نە کورد، نە ئێرانی نابێت هیچ کامیان هەوڵی زاڵبوون بەسەر ئەوی دیکەدا بدەن، تێکچوون دروست بکەن، یان هەڕەشە بکەن."
وتیشی: پێویستە وڵاتان لەبری سیاسەتی هەژموونخوازانە سەرنجیان لەسەر هاوکاری و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و بەهێزکردنی ئاسایش و خۆشگوزەرانی ناوچەکە بێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە چاودێران پێیان وایە ئەو وڵاتە لەهەوڵدایە شوێنی ئێران لە ناوچەکە بگرێتەوە و لە سوریا و عێراق و وڵاتانی دیکە، سیاسەتی خۆی زاڵ بکات.