هەرێم نیوز
سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایدەگەیەنێت، چوارچێوەكە كۆبوونەوەیەكی نائاسایی بۆ تاوتوێكردنی دوا پەیامی ئەمریكا، كە ئاراستەی بەغدای كردووە ئەنجام دەدات، دەشڵێت: دوا پەیوەندی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەگەڵ سوودانی هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سیستمی حوكمڕانی عێراق.
عودەی خەدران، سەركردە لەچوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان سەبارەت بە دوا پەیامی ئەمریكا بۆ عێراق بەمجۆرە بۆ ڕۆژنامەی شەرقل ئەوسەت ڕایگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبوونەوەیەكی نائاسایی سەبارەت بە ناوەرۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی سوودانی و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئەنجام دەدات.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوان پەیامەكەی ئەمریكا وەك هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆ بۆ سەر سیستمی حوكمڕانی عێراق دەبینن.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ماركۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەنجامدا و بەغدای لە سنوورداركردنی هەژمونی ئێران لەم وڵاتە ئاگادار كردووە.
ئەو كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لەكاتێكدایە، ئیدارەی ترەمپ بەنیازە سزا بەسەر 10 سەركردەی حەشدی شەعبی و سێ كۆمپانیایی دارایی و سێ كۆمپانیای گواستنەوەی عێراقی بسەپێنێت، كە تێوەگلاون لە فرۆشتنی نەوت و دابینكردنی داهاتی دارایی بۆ ئێران.
ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هاوکات بوو لەگەڵ ڕووداوێکی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف لە باشووری بەغدا کە لە نێوان هێزێکی ئەمنی ئەمریکی و هێزێکی ئەمنی عێراقی بۆ یەکەمجار ڕوویدا، هەموو ئەم ڕووداوانەش ئاماژەن بۆ گرژی لە پەیوەندی نێوان بەغدا و واشنتن.